پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی گەیشتووە

:: PM:12:24:22/07/2017 ‌
 
بڕە پارەیەك لە بری گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2014 گەیشتووەتە سلێمانی و بەڕێوەبەری سایلۆ و دانەوێڵە دەڵێت، چاوەڕێی هاتنی پارەی گەنمی ساڵی 2017 دەكەین هەمووی بەسەر یەكەوە بێت.
 
ئەمین محەمەد بەڕێوەبەری سایلۆ و دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەموو بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بڕە پارەیەك بۆ گەنمی جووتیارانی ساڵی 2014 گەیشتووەتە سلێمانی، پارەكە بەسەر هەموویان دابەش دەكرێت بە شێوەی 12% بۆ هەر جووتیارێك كە پارەی ماوە.
 
محەمەد زیاتر گوتی، "بڕی ئەو پارەیە سێ ملیار دینارە و دەدرێتە هەموو جووتیاران كە پارەیان ماوە هی وەرگرتنی گەنمی ساڵی 2014، لە كاتێكدا 25 ملیار دینار تەنیا پارەی گەنمی 2014ـە ماوە".
 
"نووسراومان كردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بە زووترین كات پارەی گەنمی ساڵی 2017 خەرج بكرێت بۆمان، چونكە ناوچەكانی عێراق پارەی گەنمی ساڵی 2017 دەست كراوە بە دابەشكردن و تەواوی پارەكەیش بەسەر جووتیاران دابەش كراوە، واتە لێبڕینی تێدا نییە و ئێمەش چاوەڕێین پارەمان بە دەست بگات". بەڕێوەبەری سایلۆ وای گوت.
 
حكوومەتی عێراق ئەمساڵ بۆ گەنمی پلە یەك 560 هەزار دینار و پلە دوو 480 هەزار دینار و پلە سێ 420 هەزار دینار دیاری كرابوو.
 
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە سلێمانی بە خاوی بەڕێوە دەچێت و جووتیاران گەنم ڕادەستی سایلۆ ناكەن، هۆكارەكەشی پێنەدانی پارەی سێ ساڵی ڕابردوو و دواكەوتنیەتی، تا ئێستە نزیك بە 50 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە لە كاتێكدا 115 هەزار تۆن بۆ سلێمانی دیاری كراوە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - تایبه‌ت