دەنگۆی میدیاکان نرخی بازاڕی بەرز کردووەتەوە

:: PM:12:27:22/07/2017 ‌

بڵاوكردنەوەی هەواڵی گرانبوونی كەلوپەل لەلایەن چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن، بازرگانانی وڵاتی توركیا و كوردستان دەهێنێتە قسە و دەڵێن، ئەوەی دەگوترێت دوورە لە ڕاستی، چونكە هیچ شتێك گران نەبووە، ئەوەی هەیە لە ناوخۆیە و دووكانداران گرانیان كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی تەمووز، ڕابەر كاكە نەبی ئەندامی ژوورە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهیچ شێوەیەك نرخی شتومەك و پێداویستی و كاڵاكان بەتایبەت ئارد و ڕۆن گران نەبووە، ئەوەی هەیە كەسانێك لەناو هەرێمی كوردستان نرخیان زیاد كردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ هەر تۆنێك زەیت لە ئێستەدا 31 دۆلار دابەزیوە لە وڵاتی توركیا، پێم سەیرە لەسەر هاووڵاتییان گران كراوە، جگە لەوەش لە ئێستەدا ئەو گەنجینانەی خۆراكی بۆ دەگوازینەوە بەردەوامی هەیە و ئەوەی هەیە تەنیا بڵاوكردنەوەی دەنگۆیە.

ڕابەر زیاتر گوتی، داوا لە حكوومەت دەكەین وەك لیژنەی پێوەندیدار بەو بابەتە ئەگەر هەر بازرگانێك بیەوێت قۆرخكاری لەسەر شتومەك و كاڵاكان بكات، ئەوا لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بكرێت.

هەرچەند لیژنەی چاودێری بازرگانی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام ئەو لیژنانە نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی نرخ لە  بازاڕەکانی کوردستان بكات.

ماوەی چەند ڕۆژێكە چەند ماركێتێكی هەرێمی كوردستان و خەڵكانێك دەنگۆی داخستنی سنوورەكان و گرانبوونی نرخی كەلوپەلی خۆراكی بڵاو دەكەنەوە بە مەبەستی ساخكردنەوەی كاڵاكانیان.



وشە - رامیار جەواد