داوای خەرجكردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و جووتیاران دەكرێت

:: PM:03:26:22/07/2017 ‌

لەكاتێكدا چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت، كوتلە كوردییەكان هەوڵی یەكخستنی بۆچوونەكانیان لەسەر بودجەی تەواوكاری كە مەزندە دەكرێت حەوت ترلیۆن دینار بێت، سەرۆكی لیژنەی دارایی گومان لە جیاوازی نرخی خەمڵاندن و فرۆشتنی نەوت دەكات كە نیوەی بودجەی تەواوكاری پێك دەهێنێت. 

كوتلە كوردییەكان لە هەوڵی یەكخستنی بۆچوونەكانیان، دوای خوێندنەوەی یەكەم و دووەم، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو بودجەی تەواوكاری بخرێتە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت. ئەحمەدی حاجی رەشید بە نووسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی كوتلەكانی كوردی لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆك كۆمار، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرە كوردەكان كردووە، داوای یەكخستنی هەڵوێست دەكات.

لە بەشێكی داواكارییەكەی ئەو پەرلەمانتارە نووسیویەتی، كە موستەحەقاتی جووتیارانی كوردستان كە 540 ملیار دینارە، هاوكات موستەحەقاتی پێشمەرگە لە بودجەی تەواوكاری خەرج بكرێت كە لە بودجەی 2017 هاتبوو، بەڵام حكوومەتی عێراق پێیەوە پابەند نەبوو.

ئەحمەدی حاجی رەشید سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، ئەگەر حكوومەتی عێراق داواكارییەكان جێبەجێ نەكات، بۆچی كوتلە كوردییەكان دەنگ بە بودجەی تەواوكاری بدەن.

پرسی بودجەی تەواوكاری لەكاتێكدایە عێراق زیاتر لە 112 ملیار دۆلار قەرزدارە.

بودجەی تەواوكاری كە بڕەكەی حەوت ترلیۆن دینارە، نزیكەی سێ ترلیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی كە حكوومەتی عێراق لە بودجەی 2017 نرخی بەرمیلێك نەوتی بە 42 دۆلار مەزندە كردووە، كەچی لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەگوێرەی راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی، عێراق بەرمیلێك نەوتی بە 44 دۆلار و نیو فرۆشتووە، ئەو سێ ترلیۆن دینارەش دەرئەنجامی جیاوازی نرخی خەمڵاندن و نرخی فرۆشتنە.

ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێ، ئەو پرسە دەبێت وەك كورد مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، بەڵام ئەو لایەنانەی نووسراوم بۆ كردوون هێشتا وەڵامیان نەداومەتەوە، جگە لە یەكێتی و گۆڕان كە رێگەیان پێ داوم نوێنەرایەتی ئەوان بكەم.

ئەوەشی گوت، "داوام كردووە ئەگەر گەرەنتی نەدەن لە خەرجكردنی پارەی جووتیاران و پێشمەرگە، بۆ ئامادە بین دەنگ بدەین".

سەرۆكی لیژنەی دارایی باس لەوە دەكات كە وەك لیژنەی دارایی كۆدەنگین لەسەر ئەوەی بەیەك دەنگ قسە لەسەر بودجەی تەواوكاری بكەین، هێشتا حكوومەتی عێراق هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو قەرزانەی كردوویەتی نەداوەتە پەرلەمانی عێراق.

لەبارەی زیادەی نرخی نەوتیش، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ تێبینی هەیە، كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتمان بینیوە، زیادەی نرخەكە لە 42 دۆلار بۆ 44 دۆلار و 40 سەنت، هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێی هەڵستاوە، ئەوەی تریش كە دەڵێن گواستنەوەی پێكراوە لە بودجەوە، لە راستیدا قەرزە و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دابینی كردووە. باڵوێزی ئەمەریكا زۆر بەچڕوپڕی پرسی بودجە تاوتوێ دەكات و لەگەڵ لایەنە جیاوازەكان دانیشتن دەكات".

چاوەڕوان دەكرێت دوای دەنگدان لەسەری، بەشێك لە بودجەی تەواوكاری بۆ موستەحەقاتی جووتیاران و بەڵێندەران، هەروەها بەشێكیشی بۆ ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ تەرخان بكرێت.



وشە - تایبه‌ت