کۆبوونەوەی سانپێترسبۆرگ نرخی نەوتی بەرز کردەوە

:: PM:04:06:25/07/2017 ‌

 

لە دوێنێ دووشەمەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دنیا دۆلار و نیوەک بۆ هەر بەرمیلێک لە نەوتی جۆری برێنت، هەڵکشاوە.

 

بەگوێرەی dailyfx ئێستە هەر بەرمیلێک لەو جۆرە نەوتە بە ٤٩ دۆلار و ٤٥ سەنت دەفرۆشرێت. هاوکات نرخی نەوتی ئەمەریکی ناسراو بە wti بە ٤٩ دۆلار و نۆ سەنت دەفرۆشرێت.

 

هەڵکشانی نرخی نەوت لەم دوو رۆژەدا لە ژێر کاریگەریی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێک لە لە رووسیا بووە. وەزیرانی نەوتی وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوە لە سانپێترسبۆرگ کۆبوونەوە و بڕیاریان دا پابەند بن بە رێککەوتنامەکەی ڤیەننا .

 

ئەوان لە ٢٥ی ئایاری ئەمساڵ بڕیاریان دابوو رێککەوتنی ساڵی رابردوو بۆ ماوەی نۆ مانگی تر درێژ بکەنەوە.

 

یەکێک لەو وڵاتانەی بە ئاشکرا باسی لە دابەزاندنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی کرد سعوودیە بوو و ئەمەش جێگەی بایەخە لە بازاڕی نەوتی دنیا. خالید فالح وەزیری وزەی سعوودیە گوتی وڵاتەکەی هەناردەی نەوت لە مانگی ئابدا بۆ شەش ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل کەم دەکاتەوە و ئەمەش بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی رابردوودا یەک ملیۆن بەرمیل کەمترە.

 

نایجریاش قەبوڵی کرد دوای ئەوەی بە رێژەی گونجاو نەوت بەرهەم دێنیت هاوکاری رێکخراوی ئۆپێک دەکات لە سیاسەتی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.

 

ئەلێکسەندەر نوڤاک، وەزیری نەوتی رووسیاش  رای گەیاند، کۆمیتەی چاودێری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت توانیویانە سنوورێک بۆ لیبیا دابنێن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوتەکەی دابنرێت و لەخۆوە ئاستی بەرهەمهێنانی بەرز نەکاتەوە.

 

پێشتر پێشبینی كرابوو لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، ئاستی هەناردەی وڵاتانی ئۆپێك لە هەر رۆژێكدا ١٤٥ هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە و کە دەریدەخست وڵاتانی ئۆپێك ئەو رێككەوتنەیان بە تەواوی جێبەجێ نەكردووە كە خۆیان بڕیاریان لەسەری دابوو. کۆبوونەوەی ئەمجارەش لە رووسیا ئەوەی بیر هێنانەوە دەبێت پابەندی بەڵینییەکەیان ب ئەگەرنا ریسەکەیان دەبێتەوە بە خوری.

 

پێویستە بگوترێت لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دابوو بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بۆ هەر رۆژێك كەم بكەنەوە.. یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەر دوو وڵاتی لیبیا و نایجیریا پەرەی سەندووە. لیبیا و نایجیریا لە رێككەوتنەكە هەڵاوێردرابوون. ئەو دوو وڵاتە بۆیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرز بكەنەوە.

 

دانیال گاریز بەڕێوەبەری كۆمپانیای پێترۆ لۆجستیك پێشبینی كردووە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئۆپێك ٣٣ ملیۆن بەرمیل تێپەڕێنێت و بگاتە ٣٣ ملیۆن و ١٤٥ هەزار بەرمیل. ئەو باسی لەوە كردووە كە بەرزبوونەوەكە لە ژێر كاریگەریی بەرهەمهێنانی زیاتری هەریەك لە وڵاتانی سعوودیە، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و نایجیریادا بووە.

 

 قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەراورد بە تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، ٦٠٠ هەزار بەرمیل زیادی كردووە. پێترۆ لۆجستیك یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كە چاودێری ئاستی هەناردەی ئۆپێك دەكات و ئامارەكانی جێگەی متمانەن.

 

ئەو گۆڕانكارییە لە كاتێكدایە كە ئاستی هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ ئەمەریكا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو. لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سعوودیە رۆژانە ٥٢٤ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمەریكا كردووە.

 

لە سعوودیەوە نەوت بە كەشتی بۆ ئەمەریكا دەگوازرێتەوە كە توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیلی هەیە و هەفتانە ئەو كەشتییانە لە ئەمەریكا بارەكەیان بەتاڵ دەكەن. قەبارەی هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ ئەمەریكا گرێ دراوە بە كاتی گەیشتنی ئەو كەشتییانە بە ئەمەریكا.

 

هەڵبەت سعوودیە مەبەستی بووە بە كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئەمەریكا ببێتە هۆكاری كەمبوونەوەی كۆگەكانی ئەمەریكا و دواجار نزمبوونەوەی نرخی نەوتی لێ بكەوێتەوە.

 

تا نەوتی جۆری لیتەیی یان شێلی ئەمەریكا نەدۆزرابووەوە، رێكخراوی ئۆپێك حوكمی نەوتی دنیای دەكرد و ئەو رێكخراوە بوو كە ئەگەر پێ خۆش بووایە، ئەوا نرخی نەوت بەرز دەبووەوە یان دادەبەزی، چونكە بەشێكی بەرچاو لە پێداویستییەكانی دنیا بە نەوتی خاوی دابین دەكرد.

 

بە ئامانجی شكست پێهێنان بە پڕۆژەكانی دەرهێنانی نەوتی لیتەیی، وڵاتانی ئۆپێك بە تایبەتی سعوودیە، دەستیان كرد بە بەرهەمهێنانی نەوتێكی زۆر تا بتوانن شكست بە بازاڕی نەوتی لیتەیی بهێنن. ئەگەر نەوت لە خوارووی ٦٠ دۆلار بفرۆشرێت، ئەو كۆمپانیایانەی نەوتی لیتەیی بەرهەم دەهێنن زیانیان پێ دەگات. ئەو هەوڵەی ئۆپێك تا رادەیەك كاریگەری هەبوو لەسەر پاشەكشەی نەوتی لیتەیی و زۆرێك لەو كۆمپانیایانە پڕۆژەكانیان راگرت، بەڵام نەیتوانی شكست بە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی بهێنن.

 

هەرێمی کوردستان کە لە داهاتەکەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت پێویستی بەوە هەیە نرخی نەوت بەرز بکرێتەوە، هەرێمی کوردستان بەرپرسیار نییە لەوەی ئاستی هەناردەکەی چەند بەرز بکاتەوە بەڵکوو ئەو بەرپرسیارییەتییە خراوەتە سەرشانی عێراق. 




وشە - سلێمان تاشان