زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی مانگێكدا

:: PM:03:35:01/11/2016 ‌

ماوەی سێ هەفتەیە نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیادا لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی مانگێكی رابردوو.

ئێستە هەر ئۆنسێكی زێڕ بە هەزار و ٢٨٤ دۆلار دەفرۆشرێت و ئەوەی تا رادەیەك كاریگەریی لەسەر بازاڕەكەی هەبووە، ئەوە بووە بازاڕەكە چاوەڕوانی كۆبوونەوەی بانكی ناوەندیی ئەمەریكا و چەند بانكێكی گەورەی تری دنیا دەكات لە دیاریكردنی بەهای سوود، بۆیە ئەمڕۆ بەیانی هەندێك لە نرخەكەی دابەزی و گەیشتە هەزار و ٢٧٣ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك.

زێڕ بە یەكێك لەو كاڵا گرنگانە هەژمار دەكرێت كە لە كاتی ئاڵۆزبوونی بازاڕ خەڵك، روو لە كڕینی دەكەن و هەر كاتێك بازاڕەكان جموجۆڵی زیاتری ئابوورییان بەخۆیەوە بینی، نرخەكەی دادەبەزێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە سەرمایەداران سەرمایەكانیان بۆ پڕۆژەكان تەرخان دەكەن و زێڕەكانیان دەفرۆشنەوە.

سەرەتای ئەمساڵ زێڕ گەیشتە نزمترین نرخی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو و نرخەكەی تا هەزار و ٤٧ دۆلار نزم بووەوە، بەڵام دواتر دەستی بە بەرزبوونەوە كرد. 

بەرزترین نرخی زێڕ لەو كاتەوە زێڕ چووەتە نێو بۆڕسەی دنیای بۆ شەشی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە كە نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ بۆ هەزار و ٩٢٠ دۆلار بەرز بووەوە.

نزمترین نرخی زێڕ بۆ ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دەگەڕێتەوە كە هەر ئۆنسێكی زێڕ بە ٢٥٢ دۆلار دەفرۆشرا. پێویستە بگوترێت یەكەم رۆژی تۆماركردنی بۆڕسەی زێڕ لە دنیادا ١٩ی ئابی ١٩٩٧ بووە.

هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە ٣١.١ گرام و هەر مسقاڵێك زێڕیش ٤.٦٠٨ گرامە. بەو پێیە هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە سەرووی شەش مسقاڵ و نیو.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئاستی دنیایدا راستەوخۆ كاریگەریی دەخاتە سەر بازاڕی زێڕنگران، چونكە ئەوان نرخی مسقاڵی زێڕ لەسەر بنەمای نرخی جیهانی دەستنیشان دەكەن.

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی سێ رۆژدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی مانگێكدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی شەش مانگدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ ل ەماوەی یەك ساڵدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا

سەرچاوە/ dailyfx-رۆیتەرز


وشە - سلێمان تاشان