هه‌رێمی كوردستان له به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم، په‌تاته، ته‌ماته، خه‌یار، سه‌وزه، هێلكه، مریشك و چه‌ندان به‌رهه‌می تر به ئاستی خۆبژێویی گه‌یشتووه و له به‌شێكی تری به‌رهه‌می وه‌ك گۆشتی ماسی و هه‌ندێك له جۆره‌كانی میوه‌ش مه‌ودایه‌كی زۆری نه‌ماوه بگاته ئاستی خۆبژێویی. ته‌نیا كێشه‌ی ئه‌وه‌یه ژماره‌ی ساردخانه و كۆگه‌ی تایبه‌ت به هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌می كه‌مه و نه‌یتوانراوه به‌رهه‌مه‌كان به پیشه‌سازی بكا.
كوردستان خاوه‌نی خاكێكی به پیت و ده‌وڵه‌مه‌نده و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به هه‌وڵی جووتیاران و وه‌به‌رهێنه‌ران و حكوومه‌ت، هه‌نگاوی باش نراوه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ناوخۆ و له به‌شێك له به‌رهه‌مه ستراتیجییه‌كان به خۆبژێویی گه‌یشتووه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده بیری له به‌رهه‌مهێنان كراوه‌ته‌وه، بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه ئه‌و به‌رهه‌مه چۆن به‌كار بهێنێت و زۆرترین سوودی لێ وه‌ربگرێت.
حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤیته‌رنه‌ری به وه‌كاله‌ت، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان له دۆخێكی باشی كشتوكاڵیدایه و ئه‌گه‌ر هه‌ندێك هه‌نگاو و پاڵپشتی حكوومه‌ت بۆ پڕۆژه‌كان هه‌بێت و به‌شێك له كێشه ته‌كنیكییه‌كانی پێوه‌ندیدار به به‌رهه‌مهێنان چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌وا له به‌رهه‌مه سه‌ره‌كییه كشتوكاڵییه‌كان 100% به خۆبژێویی ده‌گات و سه‌ره‌ڕای ئه‌م ته‌نگژه و كێشانه‌ش كه سێ ساڵه به‌رۆكی كوردستانی گرتووه، له هه‌ندێك له به‌رهه‌مه‌كاندا به خۆبژێویی گه‌یشتووه.
وه‌ك ئه‌م به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم ئاماژه‌ی پێ كرد، كوردستان جگه له گه‌نم، له سه‌وزه، ته‌ماته، په‌تاته، خه‌یار، هێلكه و مریشك به خۆبژێویی گه‌یشتووه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك له‌و به‌رهه‌مانه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ش ده‌كرێن.
بۆ نموونه هه‌رێمی كوردستان 70%ی پێداویستی هه‌موو عێراق له په‌تاته دابین ده‌كات و ئه‌وه‌ی له ناوخۆ به‌رهه‌می دێنێت زۆر له پێداویستی كوردستان زیاتره.
ساردخانه‌ی كشتوكاڵی
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی له به‌رده‌م به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی كوردستانه، ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مهێنانه‌كه به‌سه‌ر وه‌رزه‌كانی ساڵدا دابه‌ش نه‌بووه و جووتیاران له وه‌رزێكی دیاریكراوی ساڵ روو له به‌رهه‌مهێنانی شتێك ده‌كه‌ن و به‌رهه‌مه‌كه ئه‌وه‌نده زۆر ده‌بێت، نازانرێت چی لێ بكرێت كه دواجار دابه‌زینی نرخی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. بۆ نموونه له مانگه‌كانی "حوزه‌یران و ته‌مووز و ئاب" به‌رهه‌می خه‌یار و ته‌ماته ئه‌وه‌نده زۆره، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به نرخێكی زۆر هه‌رزان دێنه فرۆشتن. ناكرێت جووتیار كیلۆی خه‌یار به 100 دینار بفرۆشێت و له شه‌قامه‌كان چوار كیلۆ خه‌یار به هه‌زار دینار ساغ بكرێته‌وه.
كێشه‌یه‌كی تر به بۆچوونی ئه‌م به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، بریتییه له كه‌میی ژماره‌ی كۆگه‌ی ساردكه‌ره‌وه له كوردستان و گه‌نجینه‌ی خۆراكیی به‌شی پێداویستییه‌كانی ناكات. حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم ده‌ڵێت "جگه له سایلۆكان، پێویستمان به توانای هه‌ڵگرتنی 250 هه‌زار تۆن به‌رهه‌می كشتوكاڵی له كۆگه‌ی ساردكه‌ره‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می وه‌رزێك بۆ وه‌رزێكی تر پاشه‌كه‌وت بكرێت و كوردستان پێویستی به به‌رهه‌می ده‌ره‌كی نه‌مێنێت".
ئێسته توانای هه‌رێمی كوردستان له كۆگه‌كردنی ئه‌م به‌رهه‌مانه 138 هه‌زار تۆنه و دروستكردنی كۆگه‌ی تر به قه‌باره‌ی 112 هه‌زار تۆن كوردستان له‌م كێشه‌یه رزگار ده‌كات.
كشتوكاڵ له سه‌رجه‌م وه‌رزه‌كاندا
دووه‌م خاڵ، په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌مهێنانه له سه‌رجه‌م وه‌رزه‌كانی ساڵ و خاكی كوردستان بۆ ئه‌وه گونجاوه به‌رده‌وام كشتوكاڵی لێ بكرێت، به‌ڵام له هه‌ندێك مانگی ساڵدا پێویست ده‌كات له‌ناو خانووی شووشه‌یی یان پلاستیكی به‌رهه‌مهێنان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به پاڵپشتی حكوومه‌ته له‌ڕووی دابینكردنی كاره‌با و وزه به نرخێكی گونجاو.
خاڵێكی تر بریتییه له به پیشه‌سازیكردنی به‌رهه‌مه‌كان و وه‌ك حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم ئاماژه‌ی پێ كرد، له خواردنگه و ریستورانت و ماڵه‌كانی كوردستان تورشی ده‌خورێت و به‌شێك له‌و تورشییه هاورده ده‌كرێت و له ماركێته‌كان ده‌فرۆشرێت، خۆ ده‌كرێ هه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه ناوخۆیییه تورشیی لێ دروست بكرێت و بخرێته بازاڕه‌وه و ته‌نانه‌ت له تێكچوونیش ده‌پارێزرێت. جگه له‌مانه، پێویسته پلان له چوارچێوه‌ی پێویستی و خستنه‌ڕوو بێت و رۆژێك عه‌لوه‌ی سلێمانی پێویستی به 100 تۆن خه‌یار هه‌بێت، ناكرێت 200 تۆنی بۆ بڕوات و جووتیارانیش ده‌بێت له‌و رووه‌وه وریا بن.
هێلكه
له كوردستان هێلكه له سه‌رووی پێداویستییه‌كان به‌رهه‌م دێت و ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی په‌له‌وه‌ر كار بكه‌ن، جگه له پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ، ده‌توانن بۆ ده‌ره‌وه‌ش هه‌نارده‌ی بكه‌ین و هه‌ر ئێسته كوردستان هێلكه هه‌نارده ده‌كات و پێداویستی به‌شێك له بازاڕه‌كانی عێراق به‌و به‌رهه‌مه‌ی دابین كردووه.
پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هێلكه له سه‌رووی پێداویستییه‌كان به‌رهه‌م دێ، بۆچی له توركیاوه هاورده ده‌كرێت. هاورده‌كردنی هێلكه له توركیاوه بۆ هه‌رێمی كوردستان نیشانه‌یه‌ك نییه بۆ پێداویستی، به‌ڵكو به بۆچوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤیته‌رنه‌ری به وه‌كاله‌ت، پێوه‌ندی به حه‌زی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه و له كوردستان خه‌ڵك زیاتر حه‌ز به هێلكه‌ی سپی ده‌كه‌ن و به‌رهه‌می ناوخۆ زیاتر هێلكه‌ی سوور و قاوه‌یییه كه بۆ پارێزگاكانی تری عێراق ده‌نێردرێت، به‌ڵام ده‌كرێت رۆژێك ئه‌و به‌رهه‌مه له ناوخۆ سوودی لێ وه‌ربگیرێت.
گۆشتی مریشك و ئاژه‌ڵ
به‌گوته‌ی حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم، له كوردستان سه‌رووی هه‌زار و 300 پڕۆژه‌ی په‌له‌وه‌ر هه‌ن كه جگه له هێلكه، گۆشتی مریشكیش دابین ده‌كه‌ن. ئه‌و ده‌ڵێت "به‌شێك له كێشه‌كانی پێوه‌ندیدار به مریشك ئه‌وه‌یه هێشتا به بازاڕ نه‌كراوه و له به‌رنامه‌دایه له‌گه‌ڵ به‌شێك له وه‌زاره‌ته‌كانی كوردستان میكانیزمێك دابنێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی بكڕن، له جیاتی ئه‌وه‌ی سوود له به‌رهه‌می ده‌ره‌كی وه‌ربگرن".
له وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه و ته‌ندروستی و ناوخۆ و هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی تر، رۆژانه گۆشتێكی زۆر دێته كڕین و ئه‌گه‌ر ئه‌و پێداویستییه له هی ناوخۆ دابین بكرێت، ئه‌وا هانی به‌رهه‌می خۆماڵی ده‌دات زیاتر گه‌شه بكات و ته‌نانه‌ت ئه‌و وه‌زاره‌تانه ئه‌گه‌ر كه‌مێك گرانتریش له‌سه‌ریان بووه‌ستێت، دواجار سووده‌كه‌ی بۆ گیرفانی ناوخۆیه و به‌رهه‌می ناوخۆ پێی گه‌شه ده‌كات.
به‌رهه‌می ناوخۆی كوردستان له گۆشتی سوور 71 هه‌زار تۆنه و پێویستی به 90 هه‌زار تۆنی تر هه‌یه تا پێداویستییه‌كه پڕ بكاته‌وه.
دانه‌وێڵه
گه‌نم، سه‌ره‌كیترین دانه‌وێڵه‌یه كه له كوردستان به‌رهه‌م دێَت و ته‌نانه‌ت دوو هێنده‌ی پێداویستی ناوخۆیه. دكتۆر ئه‌نوه‌ر عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلاندانانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ڵێت، ناكرێت ته‌نیا بیر له به‌رهه‌مهێنان بكرێته‌وه، كوردستان پێویستی به‌وه‌یه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی هه‌یه‌تی به پیشه‌سازی بكات و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو پاشه‌كه‌وتی بكات.
ئه‌مساڵ سه‌رووی ملیۆنێك و 200 هه‌زار تۆن گه‌نم به‌رهه‌م هاتووه، كه‌چی سایلۆكانی كوردستان ته‌نیا 385 هه‌زار تۆنیان پێ كۆگه ده‌كرێت، هه‌رێمی كوردستان ساڵانه پێویستی به 555 هه‌زار تۆن ئارد هه‌یه بۆ نانه‌واخانه‌كان، جگه له‌مه 390 هه‌زار تۆنیش بۆ مه‌به‌ستی جیاوازی كێك و شیرینی و به‌رهه‌می تر سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت و هاورده ده‌كرێت.
ئه‌نوه‌ر عومه‌ر به پێویستی ده‌زانێت یه‌كه‌م جار شوێنی پێویست هه‌بێت بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌نم و دواتر به‌رهه‌مهێنانی ئاردی به كوالیتی و به پیشه‌سازیكردنی ئارده‌كه و گۆڕینی بۆ به‌رهه‌می جیاواز و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ناوخۆ، تا چیتر له ده‌ره‌وه هاورده نه‌كرێت.
له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی تر ئه‌و به‌رپرسه‌ی پلاندانانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه به گشتی 16 به‌رهه‌می كشتوكاڵی هه‌ن كه ستراتیجین و پێویسته گرنگییان پێ بدرێت، له كوردستان به‌شێكی به‌رچاو له‌وانه به‌رهه‌م دێن، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه به پیشه‌سازی نه‌كراون. بۆ نموونه پێنج كیلۆ ته‌ماته كیلۆیه‌ك ئاوی ته‌ماته‌ی لێ به‌رهه‌م دێت و ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی زیاده بكرێت به ئاوی ته‌ماته، ئه‌وا ته‌ماته‌كه تێك ناچێت و به شێوازێكی تریش هه‌ڵده‌گیرێت و سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت.
ماسی
ئه‌گه‌ر دیزاینی پڕۆژه‌كانی ماسی له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان له‌م به‌رهه‌مه‌شدا به خۆبژێویی گه‌یشتووه، به‌ڵام هه‌ندێك پڕۆژه به‌هۆی نه‌بوونی پاڵپشتی دارایی وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كراون و چاوه‌ڕوانی بودجه ده‌كه‌ن، بۆیه ئێسته كوردستان ساڵانه 60%ی پێداویستی ناوخۆ به گۆشتی ماسی دابین ده‌كات.
سیروان سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ماسی له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، له كوردستان ئێسته 40%ی پێداویستی ناوخۆ بۆ ماسی له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ش له ناوخۆ كارێكی قورس نییه، به‌و پڕۆژانه‌ی له چه‌ند ساڵی رابردوودا پێشكه‌ش كراون و په‌سند كراون، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرانایه، كوردستان له دابینكردنی گۆشتی ماسی خۆبژێو ده‌بوو.
ئه‌و نموونه‌ی یه‌كێك له پڕۆژه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ماسی له هه‌ولێر ئاماژه پێ كرد كه به‌هۆی كێشه‌ی دارایی، به‌شێكی زۆر كه‌میی جێبه‌جێ كراوه و به ته‌نیا ده‌توانێت ساڵانه سێ هه‌زار تۆن ماسی به‌رهه‌م بهێنێت و كوردستان له‌و 40%ی پێداویستی ناوخۆ كه له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت، بێ نیاز بكات.
به گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی سامانی ماسی، 385 پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ماسی له كوردستان مۆڵه‌تیان پێ دراوه، سه‌رجه‌میان توانای به‌رهه‌مهێنانی سێ هه‌زار تۆن ماسییان هه‌یه، جگه‌له‌مه له رووبار و به‌نداوه‌كان ساڵانه هه‌زار تا هه‌زار و 500 تۆن ماسی به‌رهه‌م دێت.
هه‌روه‌ها له كوردستان كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی ماسی هه‌ن كه بێ مۆڵه‌ت كار ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش هه‌ندێك به‌رهه‌می ماسییان هه‌یه.
ساڵانی رابردوو كۆمه‌ڵێك پڕۆژه له قه‌رزی كشتوكاڵی سوودمه‌ند بوون، به‌ڵام له 2014ه‌وه قه‌رز به پڕۆژه‌كان نه‌دراوه. هه‌روه‌ها تا ساڵی 2015 به پاڵپشتی 50% هاوكاری ئه‌و پڕۆژانه كراوه كه ماسی به‌رهه‌م دێنن. دوو ساڵه به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی ئه‌و یارمه‌تییه بڕاوه.
كوردستان وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند
هه‌رێمی كوردستان جگه له خاكه‌كه‌ی، ئاویشی زۆره و سه‌رووی 56%ی ئاوی به‌نداوه‌كانی له ناوخۆوه سه‌رچاوه ده‌گرن و 44%ی له ده‌ره‌وه‌وه ده‌ڕژێنه خاكی كوردستان و ده‌توانێت به‌و بڕه ئاوه، په‌ره به كشتوكاڵ و كاره‌با و سامانی ماسی و گه‌شتوگوزار و چه‌ندان كه‌رتی تر بدات.
كوردستان به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو ده‌نێت و به‌رپرسانی كشتوكاڵی پێیان وایه ئه‌گه‌ر كێشه له به‌شێكی به‌رهه‌مه‌كانی كشتوكاڵیی هه‌بێت، ئه‌وا زۆر كاتییه و ده‌توانرێت به زووترین كات به‌سه‌ر هه‌موو له‌مپه‌ره‌كاندا زاڵ بن و بژێوی خۆی دابین بكات، به مه‌رجێك حكوومه‌ت و جووتیاران پێكه‌وه قۆڵی لێ هه‌ڵماڵن.