گه‌نده‌ڵی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی ئاشكرا ده‌بێ

:: PM:02:15:16/08/2017 ‌


بەرپرسانی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان ئاماژە بەوە دەكەن، پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە شارۆكەی كەلار، پێنج ساڵە تەواو نەكراوە و چوار جاریشە وادە بۆ وەبەرهێنەرەكە لەلایەن وەبەرهێنانی سلێمانی درێژ دەكرێتەوە، بی ئەوەی هۆكارێكی باوەڕپێكراوی هەبێ، ئەمەش ناڕەزایی و نیگەرانی خەڵك و بەرپرسانی ناوچەكەی لێ كەوتووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بەهۆی بوونی گەندەڵی پڕۆژەكە تەواو ناكرێت.

نەجم عەبدوڵا قایمقامی ناوەندی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تابلۆ لە كەلار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەبوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تابلۆ كە سەرەتا ناوی كەلاری نوێ بوو لە یەكی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2016 تەواو بكرێ، چونكە لە مانگی هەشتی 2015 ماوەی ساڵێك بۆ وەبەرهێنەرەكە درێژ كرایەوە.

هەروەها گوتی، دوای درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بۆ ساڵێكی تر، كەچی پڕۆژەكە هەر تەواو نەكرا و تا یەكی ئاب/ئۆگستسی ئەمساڵ وادە بۆ وەبەرهێنەرەكە درێژ كرایەوە، بەڵام ئەوە مانگی هەشتیش بەرەو كۆتا دەڕوات، تا ئێستە پڕۆژەكە تەواو نەكراوە، هەموو جارەكانیش دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی ماوەی بۆ وەبەرهێنەری پڕۆژەكە درێژ كردووەتەوە، كەچی هەر تەواوی نەكردووە.

عومەر محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی گەرمیان لەوبارەوە بۆ "وشە" گوتی، دەسەڵاتی ئێمە پێشتر وەك پێویست نەبوو، ئێستە ئێمە نوێنەرایەتیی وەبەرهێنانی سلێمانیش دەكەین، بۆیە هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی له ‌داهاتووێكی نزیك پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

ئاسۆ مەحموود یەكێك لە خاوەن خانووەكانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تابلۆ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژەكە بە تەواوی دوا كەوت، بۆیە بەشێك لە خاوەنی خانووەكان خۆیان دەستیان بە تەواوكردنی كارەكان كردووە.

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاری تابلۆ لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان، هەزار و شەش خانوو لە خۆ دەگرێ و ماوەی پێنج ساڵە تەواو نەبووە و پڕۆژەكەش سێ جار وادەی بۆ درێژ كراوەتەوە لەلایەن وەبەرهێنانی سلێمانی، مەترسی بوونی گەندەڵی گەورە لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەكرێت.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د