نرخی نەوت 4% هەڵكشا
لە مانگی ئابدا یەكەم هەفتەی هەڵكشانی نرخی نەوت تۆمار كرا

:: AM:11:40:19/08/2017 ‌

لە سەرەتای مانگی ئابەوە نرخی نەوت هەموو هەفتەیەك بڕێك لە نرخەكەی دابەزیوە. یەكەم هەفتەی هەڵكشانی نرخی نەوت لەو مانگەدا تۆمار كرا.

دوێنێ هەینی لە دوایین رۆژی هەفتە، بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە و قەرەبووی دابەزینی چەند رۆژێك پێشتری دابەزینی نرخی نەوتی كردەوە.

نەوت شەوی رابردوو دواجار هەر بەرمیلێكی بە 52 دۆلار و 83 سەنت جێگیر بوو. بەیانییەكەی نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی جۆری برێنت بە 50 دۆلار  و80 سەنت فرۆشرابوو و ئەمەش دەریدەخات دوێنێ هەینی نەوت دوو دۆلار و بە نزكەی 4% بەرز بووەتەوە.

پێویستە بگوترێت رۆژی پێنجشەم نرخی نەوت تا ٥٠ دۆلار دابەزیبوو و بەراورد بە حەوت رۆژی پێشتری 6% دابەزیبوو، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە كرد و هەر ئەو ڕۆژە نیو دۆلار لە نرخی نەوت هەڵكشا.

نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI هاوشێوەی برێنت دوو دۆلار هەڵكشا و دواجار بە 48 دۆلار و 50 سەنت فرۆشرا.

یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بڕی نەوتی كۆگەكراوی ئەمەریكا لە ماوەی رابردوو رووی لە دابەزین كردووە.

هەفتانە بڕی گشتی نەوتی كۆگەكراوی ئەمەریكا بڵاو دەكرێتەوە و كاتێك لە بڕی ئەو نەوتە كەم دەبێتەوە، راستەوخۆ كاریگەری دەخاتە سەر بازاڕی نەوت، هەرچەندە هێشتا لە سەرووی پێداویستییەكان نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكرێت و هەر ئەوەش هۆكار بووە لەوەی نەوت نەتوانێت بە رێژەیەكی گونجاو روو لە بەرزبوونەوە بكات.

دامەزراوەی وزەی ئەمەریكا پێشتر ئاشكرای كردبوو بڕی نەوتی كۆگەكراوی ئەمەریكا نۆ ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە 469 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل، لە كاتێكدا پێشتر پێشبینی كرابوو تەنیا سێ ملیۆن بەرمیل دادەبەزێت

یەكێكی تر لەو هۆكارانەی لە چەند رۆژی رابردوودا وای كردووە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیا لە 280 هەزار بەرمیلەوە دابەزیوە بۆ 130 هەزار تا 150 هەزار بەرمیل .

سەرەتای ئەمساڵ نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بەرەو سەرووی 58 دۆلار بەرز بووەوە و دواتر بۆ ماوەی چەند مانگێك لە سنووری 55 دۆلار جێگیر بوو. 

وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لە 25ی ئایاری ئەمساڵ لە كۆبوونەوەیەكدا لە نەمسا بڕیاریان دا بۆ ماوەی نۆ مانگی تر درێژە بە رێككەوتنەكەی ساڵی رابردوویان بدەن. پێشتر و لە كۆتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەیان كەم بكەنەوە و لە 10ی مانگی كانوونی یەكەمیش وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بە سەرۆكایەتیی رووسیا، بڕیاری كەمكردنەوەی نزیكەی 600 هەزار بەرمیل نەوتیان دا.

شارەزایان پێیان وایە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بازاڕ پێویستی بەوە هەبووە رێككەوتنی نوێ تەنیا درێژكردنەوەی رێككەوتنی رابردوو نەبێت، بەڵكو بڕیاری كەمكردنەوەی برێكی تری بەرهەمهێنانی نەوت بێت و كاتێكیش لە كۆبوونەوەكە تەنیا بڕیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە درا، نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

بەگوێرەی livechart تێكڕای نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئاداری ئەمساڵ 55 دۆلار و 50 سەنت بووە. دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك لە 30 مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەگەر نا پێشتر لە خوارووی 45 دۆلار دەفرۆشرا و سەرەتای ساڵی 2015ەش بۆ نزیكەی 27 دۆلار دابەزیبوو.

لە سەرەتای ساڵی 2014 نرخی نەوت لە سەرووی 110 دۆلار دەفرۆشرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش سەری هەڵدا و تا كۆتای ساڵەكەش نەوت رووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینە بەردەوام بوو تا كۆتای ساڵی 2015، لە یەكەم مانگی ساڵی 2016دا گەیشتە نزمترین ئاست و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 27 دۆلار دەفرۆشرا.

یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وای كردووە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا داببەزێت، پێوەندی بە بەرهەمهێنانی نەوتی شێل یان لیتەیی هەیە. ئۆپێك لەوە تێگەیشتووە كە ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەوە زیاتر كەم بكاتەوە ئەوكات نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

دابەزینی نرخی نەوت زۆرێك لەو وڵاتانەی تووشی تەنگژەی دارایی كرد كە بە تەنیا پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستن.







وشە - سلێمان تاشان