هەرێمی كوردستان تا ئێستە هیچ شتێكی هەناردەی قەتەڕ نەكردووە

:: PM:12:13:19/08/2017 ‌

هەرێمی كوردستان زۆربەی بەرهەم و پێداویستییەكان هاوردە دەكات و هێشتا نەیتوانیوە لە بواری هەناردەكردندا رۆڵی بەرچاو ببینێت كە شایانی باسكردن بێت. ئەوەی هەندێك جار هەرێمی كوردستان هەناردەی كردووە، وەرزیی بووە و نەیتوانیوە بە درێژایی ساڵ درێژە بە هەناردەكردنی بدات.

ئیسماعیل محەمەد بەڕێوەبەری هاوردە و هەناردەكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو كە ئێستە شتێكی ئەوتۆ هەناردەی دەرەوە ناكرێت و ئەو ئامارەی لای ئەوانە، تەنیا ئەو شتانەیە كە بە یاسایی تۆمار كراون و ناشزانن لە دەرەوەی مۆڵەت چ شتێك هەناردەی دەرەوەی دەكرێت.

 بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەوەی لە كوردستان هەناردە دەكرێت، تەنیا پێستەیە كە بەشێكی لە باشووری عێراقەوە هاوردە دەكات و دواتر بۆ توركیا هەناردەی دەكات.

هاوكات سیروان مەحموود سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو كە هەندێك بەرهەمی وەك چیمەنتۆ، عەلەف، بنێشت، مازوو و بەرهەمەكانی نەوت هەناردەی دەرەوە دەكرێت و لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیش شتێكی ئەوتۆ هەناردە ناكرێت كە شایانی باسكردن بێت.

 ئەو گوتی، ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ بازرگانانی قەتەڕی كۆبوونەوەیان هەبووە بۆ ئەوەی هەندێك بەرهەمی وەرزییان بۆ رەوانە بكەن، تا ئێستەش هیچ شتێكیان هەناردە نەكراوە.

پێویستە بگوترێت دوای ئەو گەمارۆیەی هەندێک وڵاتی عەرەبی خستیانە سەر قەتەڕ، ئەو ولاتە بە تایبەتی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان پێویستی بە وڵاتانی تر هەیە تا پێداویستی ناوخۆی بۆ دابین بکەن.






وشە - سلێمان تاشان