هەولێر: 440 پزیشکی نوێ بڕوانامەیان وەرگرت

:: PM:10:12:02/11/2016 ‌

ئەمڕۆ چوارشەمم، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، 440 خوێندکار بڕوانامەی پزیشکیان وەرگرت لە پێنج بەشی جیا لە زانکۆی هەوڵیری پزیشکی، سوێندی یاساییان خوارد.

لە مەراسیمەکەدا وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د.یوسف گۆران، رایگەیاند، لە پرۆژەیەکى نيشتيمانيدا هەوڵ دەدەین دەرفەتى خوێندن و راهێنانى پسپۆڕى لەبۆردى کوردستانى بۆ زۆرینەى پزیشک كارانى وڵاتەکەمان بڕەخسێنن.

 

دەقی راگەیەنراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا:-



د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى رايگەیاند، لەئێستادا ئامادەکارى دەکەین بۆ داڕشتى پرۆژەیەکى نیشتیمانى، بەمەبەستى فروانکردنى پرۆگرامەکانى بۆردى کوردستانى بەجۆرێک بتوانین دەرفەتى خوێندن و راهێنانى زانستى سەرپەرشتى کراو، لە ڕێگەى بۆردى کوردستانییەوە بۆ زۆرینەى هەرە زۆرى پزیشکانى وڵاتەکەمان بڕەخسێنین
.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى وتارێکدا هات، کە دواى نیوەڕى ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠١٦) لە رێورەسمى یازدەمین خولى دەرچووانى زانکۆى هەولێرى پزیشکى پێشکەشى کرد.



لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى هەولێرى پزیشکى کە بەچاودێرى و ئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، د. ئامانج سەعید راوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و مامۆستایان و لێپرسراوانى حکوومى و، کەس وکارى دەرچوان لە هۆڵى پێشەواى وەزارەتى رۆشنبیرى لە هەولێر بەڕێوەچو، بڕوانامەى بەکالۆریۆس بە (٤٤٠) دەرچو لە (٥) کۆلێژ لە بەشە جیاکانى ئەو زانکۆیە درا
.


ئاهەنگەکە بەهاتنەناوەوەى ستافى ئەنجومەنى زانکۆ دەستیپێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، بەدوایدا ئامادەبوان بەساتێک ڕاوەستان ڕێزیان لە شەهیدانى ڕێگەى ڕزگارى کوردستان گرت
.


هەر بەو بۆنەیەوە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لەسەرەتای وتارەکەیدا وتى:" پیرۆزباى گەرم لە دەرچوانى ئەم خولەى زانکۆکەتان دەکەم، خۆشحاڵم كە ژمارەیەک لە پزیشک کاران و پزیشکى ددان و دەرمانساز و پەرستار و کارمەندى تەندروستى خوێندن تەواو دەکەن و درێژە دەدەن بە خزمەتکردنى هەرێمى کوردستان لەبوارى پزیشکیدا
.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: زانکۆ و کۆلێژە پزیشکییەکان رۆڵى کاریگەرییان هەبووە لە پێگەیاندنى کادیرى پزیشکى پسپۆڕ و کارامەو جێگەى شانازییە کە ئەمڕۆ باشترین پزیشکەکانى کوردستان دەرچووى زانکۆکانى خۆمانن. هەروەک مایەى شانازیە کە سەرجەم نێردراوان بۆ دەرەوەى وڵات لەبوارەکانى پزیشکى توانیویانە بەسەرکەوتووى خوێندن و راهێنانیان لەدەرەوە بەسەرکەوتووى تەواو بکەن و ببنە نمایندەى تواناى پزیشکى هەرێمى کوردستان.

د. یوسف گۆران روو لە ستافى زانکۆى هەولێرى پزیشکى: دەستخۆشى لە زانکۆکەتان دەکەین کە لە ریزبەندى نیشتیمانى ئەمساڵى زانکۆکانى کوردستاندا هەنگاوى گەورەتان ناوەو لەپێشەنگى زانکۆکانى کوردستانن و لە هەردوو سێکتەرى (ستافى ئەکادیمى) و (دەستەبەرکردنى سەرچاوەى زانستى) پێشەنگى یەکەم بوونە کە ئەمەش مایەى سوپاس و دەستخۆشییە.

لە کۆتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى سوپاسى وەزارەتى تەندروستى کرد بۆ هاوکارییان و دەستەبەرکردنى ژێرخانى نەخۆشخانەکان و دامودەزگاکانى تەندروستى بەمەبەستى خوێندن و فێربوونى نەوەى نوێى پزیشک كاران، هەروەک دەستخۆشى لە مامۆستایان و ستافى زانکۆى هەولێرى پزیشکى کرد بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ، لەهەمان کاتدا پیرۆزبایى لە دەرچوان و کەس وکاری دەرچوانیش کرد.

لە بەشێکى دیکەى ئەو ئاهەنگەدا د. دارا عومەر میران سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و، نوێنەرى خوێندکاران وتاریان پێشکەش کرد.

هەر لەو رێورەسمەدا، دواى سوێندخواردن، لەسەر داواى ڕاگرى کۆلێژەکان، لەلایەن سەرۆکى زانکۆوە بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە بوارە جیاجیاکانى پزیشکى پێشکەش بەسەرجەم دەرچوان کرا، کە ژمارەیان (440) دەرچوبو.


رامیار جەواد


وشە - ڕێبین محه‌مه‌د