مانگی داهاتوو دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان زۆر باشتر دەبێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان دڵنیایی دەدات كە دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان بەرە و باشتر دەچێت و رای دەگەیەنێت كە بانكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دانانی سیستەمێكی نوێی مووچەیە بۆ هەرێمی كوردستان و مانگی داهاتوو دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان زۆر بەرەو باشتر دەچێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 27ی ئاب/ ئۆگەستس، دڵشاد شەعبان ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە داهاتەكەی بەشی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات، ئەگەر قەرزی كۆمپانیاكانی لێ‌ دەربهێنرێت، بەڵام حكوومەت ناتوانێ‌ قەرز و موستەحقاتی كۆمپانیاكان نەدات.

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو پێشبینییانەی كە هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان زۆر بەرەو باشتر دەچێت، بەتایبەت ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەی ئێستە جێگیر بێت.

شەعبان ڕوونی كردەوە كە كوردستان پێویستی بەوەیە بۆ ماوەیەك نرخی نەوت بە بەرزی لە بازاڕەكاندا بە جێگیری بمێنێتەوە، بۆئەوەی جێگیری دارایی بێتە ئاراوە.

لەبارەی دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە ئێستە باس لەوە دەكرێت كە هیچ دەرماڵەیەكی فەرمانبەران نامێنێت ئەو پەرلەمانتارە گوتی، بانكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دانانی سیستەمێكی نوێی مووچەیە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە تا ئێستە بە سیستەمی عێراق مووچە لە كوردستان دابەش دەكرێت.

ئاماژەی بەوە كرد كە چاكسازی لە سیستەمی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ فەرمانبەران.

ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەرانی كوردستان سیستەمی پاشەكەوتیان لەسەر جێبەجێ‌ دەكرێت و ئێستە باس لەوە دەكرێت كە بەباشتربوونی دۆخی دارایی مووچەی فەرمانبەران باشتر دەبێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:06:04:27/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 49954 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌