كێڵگەیەكی نەوت لە دەستی داعش رزگار كرا

:: PM:05:02:09/09/2017 ‌

ئەمڕۆ سوپای سووریا توانی كێڵگەی نەوتیی ئەلتیم لە دەستی داعش رزگار بكات كە كەتووەتە ناوچەی دیرەزوور و ركابەریی هێزەكانی ناوچەكە بۆ زاڵبوون بەسەر زۆرترین رووبەر، رۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت.

سوپای سووریا بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش پێشڕەوی دەكات و لە بەری فوراتیشەوە هێزەكانی سووریای دیموكرات لە پێشڕەویدان و ئەمڕۆ دەستیان بە هەڵمەتی گەردەلوولی فورات كرد.

ئەو هێزانە لە لایەن ئەمەریكاوە پشتیوانییان لێ دەكرێت و ئامانجەكەش ئەوەیە بەر لە سوپای سووریا بتوانن ئەو ناوچانە رزگار بكەن.

بەگوێرەی "مێهر نیوز" سوپای سووریا دەڵێت جگە لە رزگاركردنی كێڵگە نەوتییەكە، توانیویانە دەوروبەری كێڵگەكەش رزگار بكەن و ژمارەیەك داعش بكوژن.

لەو كاتەوە داعش بەشێك لە ناوچەكانی عێراق و سووریای داگیر كردووە، ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دەستی بە سەرچاوەكانی نەوتیش گەیشتووە و كردوویەتە بەشێك لە سەرچاوی دارایی بۆ خۆی.

داعش لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا لە شكستدایە و پێشبینی دەكرێت دوای نەمانی داعش، هێزەكان رووبەڕووی یەكتر ببنەوە.



وشە - سلێمان تاشان