لەسەر گەندەڵی جێگری سەرۆك دوور خرایەوە

:: AM:09:02:10/09/2017 ‌

میدیاكان بڵاویان كردەوە، جێگری سەرۆكی وڵاتی ئۆرگوای "ڕائول سندیك" بەهۆی تۆمەتباركردنی بە گەندەڵی گەورە و بەكارهێنانی دارایی و سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی لەو كاتەی سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی "ئەی ئێن سی ئەی بی" بووە كە كۆمپانیایەكی حكوومی و تایبەت بە پیشەسازی نەوتە.

دوای یەكلابوونەوەی تۆمەتەكان و دروستبوونی هەڵمەتی ناڕەزایی لە وڵاتەكە، "سندیك" لە دوا دانیشتنی كۆبوونەوەی حزبی فەرمانڕەوا "فرنتی ئەمپیلۆ" دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

رائول سندیك لە تویتێكدا لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، لە كۆبوونەوەی گشتی حزب دەست لەكاركێشانەوەی خۆم  پێشكەش كردووە و پەشیمانبوونەوەیشی نییە و ناگەڕێمەوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆك، هاوكات نامەی دەست لەكاركێشانەوەم بۆ سەرۆك "تاباری فازكیز"یش ڕەوانە كردووە.

لێژنەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی حزب دوای لێكۆڵینەوە بۆی دەركەوت، كە سندیك كارتی بانكی كۆمپانیا حكوومییەكەی بواری نەوتی بەكار هێناوە، بۆ كڕینی ناوماڵ و پەرتووك و چەندان بابەتی تر.

رائول سندیك لە 2008 تا 2009 سەرۆكی كۆمپانیا نەوتییەكە بووە، دواتر بۆ ماوەیەك دوور خراوەتەوە، پاشان لە سەرەتای ساڵی 2010 جارێكی تر پۆستی سەرۆكی كۆمپانیاكەی وەرگرتووەتەوە و تا 2013 تێیدا بەردەوام بووە، دوای ئەوە بووەتە جێگری سەرۆكی وڵاتی ئۆرگوای.

سەرچاوە/سكای نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د