تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به "یه‌ك ملیار دۆلار" خه‌مڵێنراوه. حكوومه‌تی هه‌رێم له رێی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه ده‌یه‌وێت رۆڵی هه‌بێت له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه و راكێشانی سه‌رمایه بۆ كوردستان كه دواجار به‌هۆی گه‌شه‌ی بازرگانی و دروستبوونی ده‌رفه‌تی كار، ئابووریی كورستانیش ده‌بووژێته‌وه.
له ساڵی 2014 داعش رووی له مووسڵ و به‌شێك له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد و دوای سێ ساڵ نزیكه‌ی ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی له ده‌ست دا. به‌و هۆیه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه وێران بوون و ژێرخانی ئابوورییان تێك چووه و پێویستییان به ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌یه.
بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان، پێویستی به بودجه‌یه‌كی یه‌ك ملیار دۆلاری ده‌بێت. ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سووڵ وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی كۆنفرانسێكی ئابووری له ئه‌ڵمانیا ئه‌و ژماره‌یه‌ی ئاشكرا كرد و گوتی، هه‌وڵ ده‌درێت ناوچه كوردستانییه‌كان له رێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به پشتبه‌ستن به بودجه‌یه‌كی ناوخۆیی عێراق و نێوده‌وڵه‌تی ئاوه‌دان بكرێنه‌وه.
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره، نزیكه‌ی 12 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له ناوچه كوردستانییه‌كان وێران بوون و زیانه‌كانیش له هه‌موو عێراق به نزیكه‌ی 50 ملیار دۆلار دێته خه‌مڵاندن.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی خۆی به‌گه‌ڕ خستووه بۆ ئه‌وه‌ی جگه له ناوچه كوردستانییه‌كان، بۆ ئاودانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی تری عێراقیش رۆڵی هه‌بێت. له یه‌كه‌م هه‌نگاودا داوا له كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان كراوه ئه‌گه‌ر هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی ئاوه‌دانكردنه‌وه یان یارمه‌تی مرۆیی‌یان پێشكه‌ش كرا، به هاوكاری كۆمپانیاكانی كوردستان جێبه‌جێى بكه‌ن.
فه‌رهه‌نگ سابیر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، تا ئێسته هیچ بودجه‌یه‌ك پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه نه‌كراوه تا له‌و رووه‌وه هه‌نگاوی كرداری بنێت، به‌ڵام وه‌زاره‌ت به ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌و سندووقه‌ی له به‌غدا بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه وێرانبووه‌كانی عێراق دامه‌زراوه له پێوه‌ندیدایه و ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی چالاك له پرۆسه‌ی ئاودانكردنه‌وه‌دا به‌شدار بین.
هه‌رێمی كوردستان چ له رووی كه‌ره‌سته‌ی خاوی بیناسازی و چ له رووی ده‌ستی كار و ئه‌ندازیاری، پێویستی به بازاڕێكی نوێ هه‌یه و خاوه‌نی سه‌تان كۆمپانیایه كه به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی له چالاكی وه‌ستاون. پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ و ناوچه كورستانییه‌كان ده‌رفه‌تێكی زێڕینه بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه تا بتوانن ده‌رفه‌تی كار بڕه‌خسێنن و ببن به‌هۆی هاتنی سه‌رمایه و دواجار گه‌شه و جووڵه‌ی ئابووری له كوردستان.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌ندازیار به‌هزاد زێباری ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن له په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان كه دوای ریفراندۆم ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كوردستان، نابێت چاوی له به‌غدا بێت، بگره پێویسته لای خۆیه‌وه هه‌وڵ بدات له‌و پێوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌كانی دنیا هه‌یه‌تی سه‌رنجیان بۆ یارمه‌تیدان و ته‌رخانكردنی بودجه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه رابكێشێت و هاوكات خۆیشی به‌گوێره‌ی توانا بودجه بۆ ئه‌و ناوچانه دابین بكات.
به بۆچوونی ئه‌و ئه‌ندازیاره به‌غدا ئه‌گه‌ر بودجه‌یشی هه‌بێت، هه‌وڵ ده‌دات به‌شداری به كوردستان نه‌كات، به‌ڵام وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له جه‌نگی داعش چه‌كی به پێشمه‌رگه دا و هاوكات پاڵپشتی كرد، ئه‌م جاره‌یش له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كانی تری پارێزگای نه‌ینه‌وا پشت به هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌ستێت.
هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه به‌ڕێوه ده‌بات كه به‌شێكیان وێران بوون و ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌و بڕوایه بگات، ئیتر ئه‌م ناوچانه به‌شێكن له كوردستان، ئه‌سته‌مه هیچ بودجه‌یه‌كیان بۆ ته‌رخان بكات، بۆیه كورد ده‌بێت كار بكات جگه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان، مافه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له بواری یارمه‌تی دارایی‌یان بۆ دابین بكات.