سبەی پەرلەمان و حكوومەت لەسەر مووچە كۆ دەبنەوە

:: PM:10:14:19/09/2017 ‌

سبەی چوارشەم 20ی ئەیلوول پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لەسەر پرسی مووچە كۆ دەبێتەوە. سەرۆكی فراكسیۆنی سەوزیش رای دەگەیەنێت، پێش ریفراندۆم پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر لابردنی پاشەكەوتی مووچە دەدات.

دلێر ماوەتی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە"ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی رابردووی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان سێ بژاردە خراونەتە ڕوو بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم، بەڵام ئامادە نەبوو ناوەڕۆكی ئەو سێ بژاردەیە ئاشكرا بكات.

ماوەتی دەڵێ‌، "پێش ریفراندۆم پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە دەدات". قسەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە كاتێكدایە دوێنێ دووشەم سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان و لیژنەكانی یاسایی، دارایی، دەستپاكی، بازرگانی و سامانە سروشتییەكان لەسەر پرسی مووچە و هەڵگرتنی پاشەكەوت كۆ بوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لەگەڵ لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە و پاشەكەوت لە حكوومەتی هەرێم كۆ ببنەوە و دوای لێكگەیشتن لەگەڵ حكوومەت لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری  لەسەر بدرێت.

ماوەتی زیاتر دەڵێ‌، "جگە لە پرسی مووچە ئەوا لەسەر دامەزراندنی سندووقی داهاتە نەوتییەكانیش پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و لەگەڵ حكوومەت گفتوگۆ دەكات".

ئایدن مەعرووف سەركی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" دووپاتی لە كۆبوونەوەی سبەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان لەگەڵ لیژنەی تایبەتمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە.

ئایدن گوتی "لە كۆبوونەوەی رابردوو هەموو فراكسیۆنەكان كۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی دەبێت پاشەكەوت لەسەر مووچە هەڵبگیرێت و وەك جاران مووچە بە فەرمانبەران بدرێت، بەڵام جێبەجێكردنی ئەو داوایەی فراكسیۆنەكان دەوەستێتە سەر دۆخی دارایی حكوومەت، بۆیە لە كۆبوونەوەی سبەی چوارشەم لەگەڵ حكوومەت روانگەی ئەوانیشمان دەبێت كە دەیانەوێت چۆن چارەسەری پرسی مووچە بكەن".

زیاتر گوتی، "جگە لەمە قسە لەسەر پاشەكەوتی مووچە كرا كە مانگانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار لە مووچەی فەرمانبەران وەك پاشەكەوت دەكەوێتە لای حكوومەت، دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەرەنتی بدات لە دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران".

د. شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەكان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رەتی كردەوە لە كۆبوونەوەی دوێنێ‌ دووشەم هیچ پێشنیاز و بژاردەیەك لەسەر پرسی مووچە ئامادە كرابێت، بەڵام هەر فراكسیۆنێك پێشنیازی خۆی هەیە و لە كۆبوونەوەی سبەی لەگەڵ حكوومەت دەخرێنە بەرباس.

شێركۆ باسی لەوە كرد تا لەگەڵ تیمی حكوومەت لەسەر پرسی مووچە كۆ نەبنەوە و بەرچاوڕوونیان نەبێت كە حكوومەت چۆن دەتوانێت چارەسەری پاشەكەوتی مووچە بكات، ئەوا بوونی پێشنیار سوودی نابێت. 

زیاتر دەڵێ‌، "بڕیاری پاشەكەوتی مووچە بڕیارێكی نایاسایییە و دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە، ویستی هەموو فراكسیۆنەكانیش ئەوەیە مووچە وەك جاران بدرێت بە فەرمانبەران، بەڵام لە كۆبوونەوەی سبەی چوارشەم لەگەڵ حكوومەت باسی ئەوەمان بۆ دەكەن چی دەكەن بۆ چاككردنی مووچە. دوای كۆبوونەوەی سبەی چوارشەم، بڕیار لەسەر كۆبوونەوەی فراوانی پەرلەمان دەدرێت بە ئامادەبوونی تیمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەكەوت دەدرێت و بڕیاریش لەسەر سیستەمێكی جێگیری مووچە دەدرێت".

هەولێر/ فەرمان سادق



وشە - تایبه‌ت