كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و رووسیا دەستبەرداری نەوتی كوردستان نابن

:: PM:12:09:20/10/2017 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو هێرشانەی لەلایەن هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە دەكرێتە سەر كەركووكی دەوڵەمەند بە نەوت و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان، هەریەك لە كۆمپانیاكانی "شیڤڕۆن"ی ئەمەریكا و "رووسنەفت"ی رووسیا، ناراستەوخۆ و بەبێ گوێدانە دۆخەكە دەستبەردار نەبوونی خۆیان لە نەوتی هەرێم پێشان دەدەن.

لەو بارەوە كۆمپانیای "شیڤڕۆن"، رای گەیاند كە بە شێوەیەكی كاتی چالاكییەكانی هەڵكەندنی بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان راگرتووە، لەو بارەوە گوتەبێژی كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەك دوێنێ رای گەیاند، چالاكییەكانمان بە شێوەیەكی كاتی وەستاندووە.

ئەو كۆمپانیا ئەمەریكاییە لە سێپتێمبەری رابردوو یەكەم بیری گەڕانی لە هەرێمی كوردستان لێ دا لە دوای وەستان بۆ ماوەی دوو ساڵ، گوتەبێژەكە هەروەها گوتی، ئێمە لە پێوەندییەكی رێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین و چاومان لەوەیە كە لەگەڵ جێگیربوونی دۆخەكە دەست بە چالاكییەكان بكەینەوە. 

هەر لەو ناوەدا كۆمپانیای "رووسنەفت"ی رووسیا دەستكردن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی هاوبەشی بۆ بەكارخستنی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی هەرێم راگەیاند كە لەو پڕۆژەدا پشكی كۆمپانیاكە 60%یە، لەو كاتەی پشكی كۆمپانیای "كەی ئەی ئار"ی بەكارخەری هێڵەكە 40%یە.

ئیگۆر سیچن بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیا رووسییەكە دەڵێت كە ئەو بۆڕییە مسۆگەری گەیشتنی نەوتی هەرێم بۆ پاڵاوتگەكانی رووسنەفت لە ئەڵمانیا دەكات.

چوارشەم هەریەك لە كۆمپانیا رووسییەكە و هەرێمی كوردستان رێككەوتننێكیان ساز كرد بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتنی پێشوو بۆ دابەشكردنی بەرهەمی نەوتی پێنج كێڵگەی نەوت كە ساڵی داهاتوو گەڕان بەدوای نەوت تیایاندا دەست پێ بكات، لەو كاتەی كۆمپانیا رووسییەكە پێشبینی بوونی 670 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەو كێڵگانەدا دەكات.

سەرچاوە: شەفەق نیوز
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل