پێشتر 50 دۆلار بەرزببووەوە
دوای وتارەكەی ترامپ نرخی زێڕ رووی لە دابەزین كردەوە

:: PM:12:19:09/11/2016 ‌

نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوو و ٥٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك هەڵكشا. رێك دوای راگەیاندنی سەركەوتنی ترامپ و وتارەكەی كە تیایدا پێداگری لە پەرەپێدانی ئابووری و پاراستنی بەرژەوەندی هابەشی ئەمەریكا لەگەڵ وڵاتانی دنیادا كرد نرخەكەی تا رادەیەك دابەزی.

بەگوێرەی چارتی dailyfx زێڕ لە هەزار و ٢٧٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك هەڵكشاوە بۆ نزیكەی هەزار و ٣٢٠ دۆلار و نزیكەی ٤% لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە. بەدەگمەن حاڵەتی لەم شێوەیە رووی داوە لە ماوەی چەند سەعاتێكدا نرخی زێڕ بەو خێرایییە روو لە هەڵكشان بكات. رێك دوای وتارەكەی ترامپ، نرخەكەی ٢٠ دۆلار دابەزی كە نیشانەی گەڕانەوەی ئارامییە بۆ بازاڕەكە.

زیڕ بە یەكێك لە گرنگترین كاڵاكانی دنیا هەژمار دەكرێت كە لە كاتی ئاڵۆزبوونی بازاڕ و هەر جۆرە نائارامییەك، نرخەكەی بەرز دەبێتەوە. 

زێڕ كاڵایەكە بە پێچەوانەی كاڵای تر پاڵپشتییەكی گرنگە بۆ بازرگانان بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانەكان بپارێزن. بازرگان لەو كاتەدا ناچێت بەرهەمێك بكڕێت كە لێی دڵنیا نییە ئەو بەرهەمە نرخەكەی بەرز دەبێتەوە یان دادەبەزێت.



شتێكی تر لە بازاڕی دنیای كە كاریگەریی لەسەر نرخەكان هەیە ئاستی داخوازی و خستنەڕووە و لەبەر ئەوەی زۆرترین داواكاری لە ئاستی دنیادا بۆ كڕینی زێڕ دێتە كایەوە، نرخەكەشی بەرز دەبێتەوە.

سەرەتای ئەمساڵ نرخی هەر ئۆنسێك زیڕ تا نزیكەی هەزار و ٤٠ دۆلار دابەزی بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە كرد و زیاتر لە پێنج مانگ دەبێت نرخەكەی لە سەرووی هەزار و ٢٤٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك فرۆشراوە.

ئەوانەی دوێنێ سێشەم زێڕیان كڕیوە یان زێڕیان هەیە، ئەوا تا پیش سەعات ١١ی ئەمڕۆ بۆ هەر ئۆنسێك ٥٠ دۆلار خێریان كردووە. بەواتایەكی تر ئەگەر دوێنێ لە بازاڕی هەولێر كیلۆیەك زێڕی ٢٤ عەیارت كڕیبێت، ئەمڕۆ بتەوێت زیڕەكە بفرۆشیتەوە، ئەوا هەزار و ٦٠٠ دۆلارت خێر كردووە. ئەگەر ١٠ كیلۆ زێڕت كڕیبێت، ئەوا ١٦ هەزار دۆلار خێرت كردووە.

هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە ٣١.١ گرام و هەر مسقاڵێك زێڕیش ٤.٦٠٨ گرامە. بەو پێیە هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە سەرووی شەش مسقاڵ و نیو.

بەرزترین نرخی زێڕ لەو كاتەوە زێڕ چووەتە نێو بۆڕسەی جیهانی بۆ شەشی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە كە نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ بۆ هەزار و ٩٢٠ دۆلار بەرز بووەوە.

نزمترین نرخی زێڕ بۆ ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دەگەڕێتەوە كە هەر ئۆنسێكی زێڕ بە ٢٥٢ دۆلار دەفرۆشرا. پێویستە بگوترێت یەكەم رۆژی تۆماركردنی بۆڕسەی زێڕ لە دنیادا ١٩ی ئابی ١٩٩٧ بووە.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئاستی دنیایدا راستەوخۆ كاریگەریی دەخاتە سەر بازاڕی زێڕنگران، چونكە ئەوان نرخی مسقاڵی زێڕ لەسەر بنەمای نرخی دنیایی دەستنیشان دەكەن.



دۆناڵد ترامپ كە بووە براوەی هەڵبژاردنەكە خۆی كەسێكی بازرگانە و لە ئابووریشدا شارەزایی هەیە، پلانە ئابوورییەكانی دۆناڵد ترامپ لەسەر ئەو بنەمایە بەرەوپێش دەچێت كە بتوانێت پەرە بە گەشەی ئابووریی ئەمەریكا بدات. یەكێك لەو بابەتانەی ترامپ بانگەشەی بۆ دەكرد ئەوەبوو بڕی  باج لە ئەمەریكا كەم بكاتەوە كە ئەگەر جێبەجێی بكات، ئەوا گەشەی ئابووری لە ئەمەریكا روو دەدات و كۆمپانیاكان چالاكییان زیاتر دەبێت، ئەگەرچی هەمان پلان كاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر ئاستی داهاتی ئەمەریكا، چونكە لەو كاتەی باج كەم دەبێتەوە، داهاتی حكوومەتی ئەمەریكاش دادەبەزێت و ئەمەریكا لە دابینكردنی خەرجییەكانی ناوخۆیی و دەرەكی تووشی كورتهێنانی بودجە دەبێت.

ئەمەریكا خەرجییەكی زۆری لەسەرشانە و بە تایبەتی هێزەكانی ئەمەریكا لە چەندان وڵاتی وەك عێراق و سووریا و ئەفغانستان لە جەنگدان و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكاش بۆ بەرەوپێشبردنی پلانی شەڕ، بەردەوام داوای بودجەی كردووە و دیار نییە دۆناڵد ترامپ چ سیاسەتێك پێڕەو دەكات كە لێنەگەڕێت نە شیش بسووتێت و نە كەباب.

لە لایەكی ترەوە سەپاندنی باج یەكێك لە سیاسەتەكانی دیموكراتەكان و لەوانەش باراك ئۆباما بوو بەمەبەستی یارمەتیدانی خەڵكی ئەمەریكا و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چەندان خزمەتگوزاری تر و ئەگەر باجەكان كەم بكرێنەوە، ئەوا لە قۆناغی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ كێشە لە كەرتی خزمەتگوزاریش دێتە كایەوە.


گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی سێ رۆژدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی مانگێكدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی شەش مانگدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی یەك ساڵدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا


وشە - سلێمان تاشان