هاوردەکردنی بەنزینی خراپ بۆ کوردستان بەردەوامە

:: PM:04:08:01/10/2016 ‌

بەهۆی گومان لەخراپی كوالێتیەكەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، دەستگیرا بەسەر پێنج تەنكەری سوتەمەنی كە بەنزینیان پێبووە و لەوڵاتی ئێرانەوە دوای هاتنە ناو مەرزەكە، خاوەنەكانیان ویستبوویان بیبەنە بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان.

لەوبارەیەوە، شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی راگەیاند: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای ئەوەی لەوڵاتی ئێرانەوە، پێنج تەنكەری سوتەمەنی كە خاوەنەكانیان ئێرانی بوون و بڕێكی یەكجار زۆر بەنزینیان پێبووە، هاتنە مەرزی باشماخ بۆ ئەوەی پشكنین بۆ كوالێتی و جۆری بەنزینەكە بكرێت.

گوتیشی " بەڵام لەو كاتەدا لەلایەن كارمەندانی گومرگەوە لەبەرئەوەی پێشتر زانیارییمان هەبوو كە كوالێتی بەنزینی ئەو پێنج تەنكەرە گومانی لەسەرە و باش نییە، بۆیە لەئێستادا دەستمان بەسەرداگرتووە".

روونیشیكردەوە، هەتا لەباشی كوالێتیەكەی دڵنیا نەبین، رێگەیان پێنادەین بەنزینەكان ببرێنە بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە، چونكە كوالێتی خراپ زیانی بۆ ئوتومبێلەكان هەیە و نیگەرانی شۆفێرانیشی لێدەكەوێتەوە.

هاوكات بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" لەساڵی 2015دا، دەست بەسەر 40 تەنكەردا گیراوە كە بەنزینی خراپی پێبووە، كە رێگەیان لێگیراوە و نەهێلدراوە بچنە بازاڕەكانی هەرێمەوە.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدووری نزیكەی 6 كیلۆمەتر لەشارۆكەی پێنجوێن، رۆژانە چەندین ئوتومبێلی بارهەڵگر و تەنكەرەكانی هەڵگری سومەتەمەنی لێوە هاتوچۆی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن و لەلایەن بەشەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و گومرگەوە پشكین بۆ ئەو ئوتومبێلانە دەكەن كە سوتەمەنیان پێیە و لەكاتی دەستبەسەرداگرتنی هەر تەنكەرێكیشدا، دەكرێت بەكێشەی گومرگی و بەپێی یاساش تەنكەرەكە بەتەواوی سوتەمەنیەكەوە رەوانەی وڵاتی ئێران دەكرێتەوە و زۆر جاریش خاوەنەكەی غەرامە دەكرێت بەبڕێك پارە.




وشە، رێبین پێنجوێنی


پ/ر.م


وشە - ڕێبین محه‌مه‌د