ئەنجوومەنی باڵای خانمان هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی عێراقی رەت دەكاتەوە

:: PM:09:42:11/11/2017 ‌
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی عێراقی دەڵێت، ئەو پڕۆەژەیە لەتكردنی كۆمەڵگە و ناكۆكبوونە لەگەڵ بەندەكانی دەستووری عێراقی كە بەدەست پێشێلكردنی بەردەوام دەناڵێنێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی تشرینی دووەم، لە بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، سەتان ژنی عێراقی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بەدیل گیراون و دەیان هەزار ژن و منداڵەكانیان لە كەمپەكاندا ژیان بەسەر دەبەن، هەزارانی تریشی هاتە سەر كە بەهۆی هێرشەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و خورماتوو و گوڵاڵە و خانەقین و ناوچەكانی تر ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشت و ئاوارە بوون، وڵاتیش بەدەست ئاسەوارەكانی وێرانكاریی بەردەوام و تەنگژەی سیاسی و ئابووری خنكێنەرەوە دەناڵێنێت كە هەڕەشە لە بوونی دەكات.

زیاتر گوتی، سەدان هەزار لاو لە هەردوو رەگەز بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن و رێژەیەكی زۆر لە دانیشتووانیش بەدەست هەژاری و نەدارییەوە دەناڵێنن، كێشە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر و زیاتر هەڕەشە لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دەكەن، لەم كاتەدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی گفتوگۆ لەسەر بابەتی یاسایەك دەكات كە باری ژنان و منداڵانی بەدیلگیراوی دەستی داعش قوڕستر دەبێت.

لە بەشێكی بایاننامەكەدا هاتووە، ئایە باشتر نەبوو لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆژەی گرنگتر بخرایە بەرباس بۆ چارەسەركردنی وێرانكاریی بەربڵاو لە هەموو ڕووێكەوە لە هەموو ئاستەكاندا، ڕووبەرووی عێراق بووەتەوە، یاخود خۆی ئامادە بكات بۆ تێكشاندنی زیاتر و زیاتری ژن و منداڵانی عێراق و بێبەشكردنیان لە گشت مافە مرۆڤایەیتییەكانیان.

بۆیە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جەماوەری ژنانی كوردستان، پڕۆژەی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی عێراقی رەت دەكەنەوە، كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر ئەوەی بخرێتە نێو خشتەی كارەكانی ئەنجوومەن، چونكە ئەم پرۆژەیە مەترسی رژدی هەیە لەسەر ئەو بڕەی ماوەتەوە لە مافەكانی مرۆڤ لە عێراقدا، بەتایبەتیش مافەكانی ژنان و منداڵان، بۆیە داوای ڕاگرتنی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكەین.

بەگوێرەی ئەو پڕۆژە یاسایەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەشوودانی كچان لە تەمەنی نۆ ساڵی ئاسایی دەبێت ئەگەر هاتوو دایك و باوكی ڕازی بوون. 



وشە - رامیار جەواد