بەغدا ناتوانێ بەبێ ھەرێمی كوردستان نەوتی كەركووك ھەناردە بكات

:: PM:02:53:23/11/2017 ‌

شارەزایەكی بواری نەوت دەڵێ، حكوومەتی عێراق لەبەر دوو ھۆكار ناتوانێ نەوتی كەركوك بەبێ ھەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە بكات. بەپێی دەستوور پێویستە بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەھاوبەشی بێت لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، جگە لەوەش ئەو نەوتە پێویستە لەرێی لوولەی نەوتی ھەرێم رەوانەی بەندەری جەیھان بكرێت.

دوای دەست بەسەرداگرتنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەھاوكاری سوپای پاسدارانی ئێران، ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەرێی لوولەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا راگیرا و ئێستە نەوتی كەركووك بەتانكەر ھەناردەی ئێران دەكرێت، ئەمەش وەك چاودێران و شارەزایانی بواری نەوت باسی لێوە دەكەن، ھەناردەكردنی نەوت لەرێی تانكەرەوە بۆ ئێران دەرفەتی دزیكردنی زیاترە و جگە لەوەش بەغدا بەبێ ھەرێمی كوردستان ناتوانێ نەوتی كەركووك لەرێی بۆری ھەناردەی دەرەوە بكات.

لەوبارەیەوە  قاسم مشەختی  شارەزای بواری نەوت و بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق بۆی نییە بەتاكلایەنە نەوتی كەركووك ھەناردەی دەرەوەی وڵات بكات و بەبێ ھەرێمی كوردستان رێككەوتن لەگەڵ توركیا بكات، چونكە بەپێی دەستووری عێراق تا چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلا دەكرێنەوە، پێویستە بەھاوبەشی بەڕێوە ببرێن، بۆیە ھەر رێككەوتنێك بكرێت، پێویستە ھەرێمی كوردستانی لێ ئاگادار بكرێتەوە.

 قاسم مشەختی  گوتی، جگە لەوەش ئەگەر رێككەوتنیش بكرێت، پێویستە ئەو نەوتە لەرێی بۆڕیی نەوتی ھەرێم و خاكی ھەرێمی كوردستان ھەناردەی توركیا بكرێت، بۆیە لەمەشدا بەغدا بەبێ ھەرێمی كوردستان ناتوانێت نەوتی كەركووك ھەناردەی دەرەوە بكات، ئەگەر ھەرێم رازی نەبێت.

لەبارەی فرۆشتنی نەوتی كەركووك لەرێی تانكەرەوە بە ئێران، ئەو گوتی، ئەمە چارەسەر نییە و بەو شێوەیە عێراق ھیچ سوود لە نەوتی كەركووك نابینێت، چونكە لەرێی تانكەرەوە بەرزكردنەوەی ئاستی ھەناردەكردن زۆر ئەستەمە و پێویستە لە رێی لوولە بێت، بەڵام ئەوان بەو شێوەیە نەوت ھەناردەی ئێران دەكەن، چونكە دەرفەتی دزیكردن زیاترە، بۆیە ناكرێت بەو شێوەیە بێت و پێویستە نەوتی كەركووك لەرێی لوولە ھەناردەی دەرەوە بكرێت نەك تانكەرەوە، ئەمەش بەھاوبەشی بێت لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، نەك عێراق تاكلایەنە بڕیاری لەسەر بدات.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم



وشە - سلێمان تاشان