لە كوردستان هەلی كار لە داكشان و رێژەی بێكاری لە هەڵكشاندایە

:: AM:09:07:15/12/2017 ‌

هەرێمی كوردستان كە سەردەمێك مەڵبەندی كار بوو بۆ بێكارانی وڵاتانی تر، ئێستە خەڵكەكەی خۆی پێویستی بە هەلی كارە بەڵام دەستی ناكەوێت. ژمارەی بێكاران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و دەرفەتەكانی كاركردنیش رۆژ بە رۆژ كەمتر دەبنەوە و ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە لەوەی كەمترین خەڵك كاریان دەست بكەوێت و زۆربەی خەڵك لە بێكاریدا بمێننەوە و ژیانیان خراپتر بێت.

ئەوانەی هیچ شتێك لە گیرفانیان شك نابەن و هیچ كاسبییەكیان نییە، بەیانیان بەر لە هەڵاتنی خۆر ماڵەوە بەرەو ئەنجامدانی كارێكی شەرافەتمەندانە جێ دەهێڵن. ئەوان بە چەندان سەعات لەسەر شەقامەكان دەوەستن بەڵكو خواپێدراوێك بۆ چەند سەعاتێكیش بێت پێویستی بە كرێكار هەبێت و بۆ رۆژێكیش بێت گیرفانیان گەرم ببێتەوە.

لە ساڵانی فەرحانی بەتایبەت بەر لە ساڵی 2014 و پێش ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەی دارایی و ئەو دۆخە ناهەموارە ببێتەوە، ئەگەر كارێكت هەبووایە و پێویستت بە چەند كرێكارێك هەبووایە، ئەوا كرێكارت دەست نەدەكەوت، ئەمەش بە دوو هۆكار یەكەم كار زۆر بوو و پڕۆژەی جیاواز لە شوێنی جیاواز لە جێبەجێكردندا بوون  و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە گڕوتینی هەبوو. هۆكارێكی تریش بریتی بوو لەوەی بژێوی خەڵك باشتر بوو و بەو داهات و مووچەیەی دەستیان دەكەوت، ناچار نەبوون بۆ ساتێكیش بیر لەوە بكەنەوە رۆژگار ناچاریان بكات بۆ دەستخستنی كار لە سەر شەقامی 100 مەتری لە سەرمان هەڵبلەرزن.

كاتێك بە ئۆتۆمبێل بە شەقامی 100 مەتری یان شەقامە سەرەكییەكانی هەولێردا تێدەپەڕیت، لە هەر دوو بەری شەقامەكە ماوەماوە چاوت بە دەیان كرێكار دەكەوێت كە بە گرووپ وەستاون. تاكە هیوای ئەو كرێكارانە لە ستۆپی ئۆتۆمبێلەكانی سەر شەقام چرۆ دەردەكات، بەڵكو كەسێك بێت داوای كرێكار بكات و ئەو رۆژە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵیان.

خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو بەشێكی سەرەكی لە كرێكاران پێك دەهێنن. لە زۆربەی ئەو شوێنانەی كرێكار بە كۆمەڵ وەستابوون، كرێكارەكان ئاوارەی پارێزگای ئەنبار و نەینەوا، یان هی سووریا بوون.

ئاوارەیەكی پارێزگای ئەنبار بە ناوی عومەر كە خەڵكی قائیم بوو گوتی، هەمووی مانگێكە ناوچەكەیان رزگار كراوە و جارێ بیر لە گەڕانەوە ناكاتەوە و لێرە ئەگەر كاریش نەبێت، لانی كەم گیانیان پارێزراوە. ئەو گلەیی لە رێكخراوی un كرد كە لە دابەشكردنی یارمەتی بەسەر ئاوارەكان دادپەروەر نییە و هەندێك لە ئاوارەكان مانگانە یارمەتی دەدرێن، بەڵام ئەوان لەبەرئەوەی لە ناو شار دەژین یارمەتی نادرێن و بە ناچار روو لە كرێكاری دەكەن.

كەمێك ئەولاتر كۆمەڵێك كرێكاری تر وەستابوون كە سەرجەمیان عەرەب بوون، بەڵام كرێكارێكی كوردیشیان لەگەڵدا بوو كە كەسێك بوو بە ناوی ئەسعەد. هاووڵاتییە كوردەكە گوتی پێشمەرگەیە و 10 رۆژ دەوامە و 10 رۆژ لە ماڵەوە و بۆ بژیوی خێزان ناچارە بێتە سەر شەقام و كرێكاری بكات.

لە هاوكێشەیەك كە بێكار زۆرە و كار كەمە، زۆرینە بەبێ دەستخستنی هیچ كارێك دەبێت بەرەو ماڵ بگەڕێنەوە و چاوەڕوانی رۆژێكی تر بكەن بەڵكو كارێكیان دەست بكەوێت. زۆرینەی ئەو كرێكارانەی قسەیان دەكرد، لە هەفتەدا ئەگەر دوو رۆژ كاریان دەست بكەوێت، ئەوا خۆیان بە مرۆڤێكی بەختەوەر دەزانن، چونكە هەیە لە مانگێكدا دوو رۆژ كاری دەست ناكەوێت و هەندێكیش بە بڕە پارەیەكی زۆر كەم رازی دەبن.

لە چوار جێ وەستاین و هەستمان بەوە كرد زۆربەیان كرێكاری ئاوارە و دەرەوەی هەرێمی كوردستانن. ئەوەی تارادەیەك دڵی خۆش كردین، ئەوەبوو كرێكاری ناوخۆیی كەمە و دیارە هێشتا ژیانی خەڵك باشە. بۆ ئەوەی زیاتر باوەڕ بە دڵخۆشییەكەم بكەم، بەشوێن گرووپی تری كرێكاری كەوتم. لە شەقامی 100 مەتری بەرانبەر بە لەنگە كرێكاران هاوشێوەی خۆپێشاندان لە تەنیشت شەقام وەستابوون. كاتێك ئۆتۆمبێلەكەمان لە تەنیشتیان راگرت وا تێگەیشتن پێویستم بە كرێكارە، بۆیە زیاتر لە 70 كەس لە دەورم كۆ بوونەوە، لەم كاتەدا گەورەترین ئارەزووم ئەوە بوو خاوەن كار بوومایە و كارم بۆ هەمووی ئەوانە دابین بكردایە. كاتێك زانییان رۆژنامەنووسم، بەشێكیان بەنائومێدی كشانەوە و ئەوانەش كە كۆبوونەوە بە دەرفەتیان زانی كوڵی دڵیان هەڵڕێژن .

سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە خەڵكی رەسەنی هەولێر بوون و وەك ئاماژەیان پێ كرد تا چوار ساڵ لەمەوبەر لە شوێنی جیاواز كاریان هەبووە و هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات بەم شێوەیە رەزیل بكرێن. محەمەد كە سەر و سمێڵی سپی بووە و دەبوو دوای ئەو تەمەنە درێژە خەریكی پشوودان بێت، یەكێك بوو لە كرێكارەكان. ئەو گوتی "ژیانمان لەوە خراپتر نابێت، پارەی كارەبا، پارەی مۆلیدە، پارەی شارەوانی، پارەی كرێی خانوو، پارەی نەوت دەبێت بدەین، ئەی نابێت شتێكیش بخۆین، من سێ رۆژە دێمە سەر شەقام بێ ئەوەی كارم دەست بكەوێت دەگەڕێمەوە ماڵەوە."

یەكێك لە كرێكارەكان گوتی، "رۆژانە لە بنەسڵاوەوە خۆم دەگەیەنمە شەقامی 100 مەتری و لەگەڵ كرێكارەكان دەوەستم و زۆربەی رۆژەكان دوو هەزار دیناری رێگەش زیان دەكەم بێ ئەوەی كارم دەست بكەوێت."

بەشێك لە گلەیی كرێكارە ناوخۆیییەكان ئەوەبوو كە زۆربەی پڕۆژەكان كرێكاری تایبەتییان هەیە و خەڵكی دەرەوەیان لای خۆیان دامەزراندووە، بەمەش هەلی كار بە تەواوی لە دەست چووە و وەزارەتێكیش كە ناوی كاری لێ نراوە بە هیچ شێوەیەك توانای دابینكردنی كاری نییە.

نەزمی مووسا جێگری بەڕێوەبەری كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ "وشە" روونی كردەوە، دۆخی ئابووریی كوردستان، بڕینی بودجە، شەڕی داعش، هاتنی ئاوارەكان، وەستانی پڕۆژەكان، داخرانی دەروازەی سنوور و گەشتی فڕۆكەخانەكان و چەندان هۆكاری تر، وایان كردووە لە كوردستان خەڵكی زیاتر بێكار بن و ژیانیش سەختتر بێت.

ئەو باسی لەوە كرد ئەگەر بودجە هەبێت و پارە بڕژێتە بازاڕەوە و ئەو كێشە سیاسییانە كۆتایان پێ بێت، ئەوا راستەوخۆ كاریگەری دەخاتە سەر ژیان و هەلی كاریش زیاتر دەبێت. بەرپرسەكە لەبارەی كرێكارانی بیانی روونی كردەوە، كرێكاری بیانی لە كوردستان كەمی كردووە و كۆمپانیاكانی پێوەندیداریش لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە هەموو كوردستان داوای 562 كرێكاریان كردووە كە نیوەی گەڕاوەتەوە.

زۆر لە ئاوارەكان لە خواردنگە و كارگەكانی كوردستان كار دەكەن و حكوومەت تا ئێستە نەیتوانیوە لە بەرژەوەندی كرێكاری ناوخۆیی بڕیارێك دەربكات. بەرپرسەكەی وەزارەتی كار و كاروبارەی كۆمەڵایەتی پێی وایە حكوومەت بەرانبەر ئاوارەكان ناتوانێ هیچ كارێك بكات، چونكە بەهۆی ئاوارەبوونیان هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ خەڵكی تر نییە و مافی كاركردن دەبێت بۆ ئەوانیش بە ڕەوا بزانرێت.

  لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستانی بە سەرووی 14% راگەیاند، لەكاتێكدا بێكاری لە كوردستان پێشتر لە خوارووی 6% بووە. دوو مانگ لەمەوبەر بە شێوەیەكی نافەرمی ئەوە راگەیەنرا رێژەكە 15%ی تێپەڕاندووە، لە كۆتای ساڵدا ئەگەر ریژەیەكی ورد لە بێكاری ئاشكرا بكرێت، لەوانەیە چەند ژمارەیەكی تر رێژەی بێكاری بەرز ببێتەوە.

عومەر ئیسماعیل سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە رۆژ بە رۆژ هەواڵی داخستنی كارگەیەك یان راگرتنی پڕۆژەیەكیان بۆ دێت و هەموو ئەو كارگە و پڕۆژانەش خەڵكێك كاریان تێدا دەكات، لەو كاتەدا بە ژمارەی بێكارەكان لە كوردستان زیاد دەكات.

لە هەرێمی كوردستان دوو جۆر كرێكار هەن جۆرێكیان لە كارگەیەك یان لە شوێنێك كار دەكەن و جۆرێكی تریشیان كاری رۆژانە دەكەن و جۆری كارەكەشیان بەگوێرەی رۆژ گۆڕانكاری بەسەر دێت. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سەندیكای كرێكاران نەبوونی مووچە هۆكارێكی كاریگەر بووە لە دروستكردنی كرێكاری رۆژانە و زۆرێك لەوانەی هەوڵ دەدەن كارێكی كاتی بدۆزنەوە، فەرمانبەرن یان لە شوێنێكی تر كار دەكەن و مووچەكەیان بەشیان ناكات. 

ئەو بڕە كرێیەی لە دووكان و زۆر لە كارگە و ناوەندەكانی كار لە كوردستان بە كرێكار دەدرێت، بۆ كرێكارێكی ئاوارە گونجاوە، بەڵام بۆ كرێكاری ناوخۆیی گونجاو نییە و ناكرێت كەسێك كرێچی بێت، خەرجییەكی زۆری خێزانی لەسەر بێت و مانگانە بە مووچەیەكی 300 هەزار دیناری رازی ببێت، بەڵام ئاوارەیەك كە لە كەمپە و خەرجییەكان كەمترە، دەست دەدات.

بەر لە ساڵی 2014  كرێی كرێكارێكی ئاسایی لە هەولێر گەیشتە 60 هەزار دینار و وەستاش بۆ سەرووی 100 هەزار دینار زیادی كردبوو، بەڵام ئێستە هەمان كرێكار بە 20 هەزار دینار مەمنوونە كارێكی دەست بكەوێت. زۆر لەو كرێكارانەی "وشە" لەو بەدواداچوونە مەیدانییەدا قسەی لەگەڵیاندا كرد، بە 15 هەزار دیناریش ئامادە بوون تا ئێوارە كار بكەن.

بەرپرسەكەی سەندیكای كرێكاران دەڵێت، رۆژ نییە لە كارگەكان كرێكار لەسەر كارەكانیان دوور نەخرێنەوە و هەر ئەو رۆژە لە كارگەیەك 60 كرێكار دەركرابوون و سكاڵایان گەیاندبووە سەندیكاكە، ئەوانیش قسەیان لەگەڵ خاوەن كار كردووە بیانگەڕێنێتەوە، بەڵام لە وەڵامدا گوتوویەتی هیچ بازاڕێكی نییە و لەسەر زیان كار دەكات و تەنانەت ئەگەر بە كەمكردنەوەی مووچەشیان رازی بن هێشتا ناتوانێت لەگەڵیان بەرەوام بێت.

ئەو كرێكارانەی زەمانی كاریان هەیە، ئەوا دەتوانن لە وەزارەتی كار بڕی دڵنیایییان وەربگرنەوە و رۆژانە بە دەیان كرێكار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی كار دەكەن بۆ ئەوەی لەو بڕە پارەیەی بۆیان پاشەكەوت كراوە، سوود وەربگرن كە ئەمەش هەر بە زیانی كرێكارانە و لە راستیدا ئەو بڕە پارەیە خەرج دەكەن كە دەبێت لە داهاتوودا خەرجی بكەن.




وشە - سلێمان تاشان