لە پارێزگای سلێمانی 800 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دەچێنرێت

:: PM:06:01:16/12/2017 ‌

وەرزی چاندنی گەنم و جۆ دەستی پێ كردووە و بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانیش ئاماژە دەكات كە پێشبینی دەكرێت لە سنووری پارێزگای سلێمای 800 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ بچێنرێت.

ئێستە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، جووتیاران دەستیان بە كێڵانی زەوییەكانیان كردووە بە مەبەستی چاندنی دانەوێڵە بۆ ساڵی داهاتوو، بەڵام لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە هیچ هاوكارییەك ناكرێن.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ئامارەی لە لقە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكانەوە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ كراوە، ئەم ساڵ زۆرترین زەوی بە كشتوكاڵ دەچێنرێت بۆ بەرهەمی گەنم و جۆ.

زیاتر گوتی، بۆ ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 800 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بە گەنم و جۆ دەچێنرێت و زۆرترین زەویش لە سنووری چەمچەماڵ و سەنگاو دەبێت.

جەمال روونی كردەوە، ئەم ساڵ ڕێژەی بارانبارین گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە جووتیاران بەبێ كێشە گەنمەكانیان بچێنن، بەڵام بۆ مەبەستی وشكەساڵی ناتوانین لە ئێستەوە بڕیار بدەین، چونكە لە بەهاردا دیار دەكەوێت، لە سلێمانیش پێویستە 750 ملم باران ببارێت ئەوكات مەترسیی وشكەساڵی نابێت.

بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی رای گەیاند، ئەوان لە لایەن وەزارەتەوە هیچ هاوكارییەكیان بۆ جووتیاران بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە هیچ هاوكارییەكی جووتیار ناكەن.

هەرێمی كوردستان سەرەڕای بوونی خاكێكی بەپیت و ئاوێكی زۆر كە هۆكاری سەرەكین بۆ چاندنی رووبەڕێكی فرەوان بە بەرهەمە گرنگەكانی وەك گەنم و جۆ و برنج، بەڵام تا ئێستەیش بەهۆی ئەوەی هەرێم تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت وەك سەرچاوەی داهات و نەیتوانیوە كە ئەو كەرتە وەك پێویست رێك بخات و بازاڕ بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی دروست بكات، بۆیە نەتوانراوە سوود لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان وەك سەرچاوەی داهات وەربگیرێت.  

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل