بەهۆی میلشیاكانەوە جووتیارانی كورد لە دیالە ناتوانن سوود لە 50%ی زەوییەكانیان ببینن

:: PM:09:26:16/12/2017 ‌

 

وەرزی چاندنی گەنم و جۆ لە ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانی پارێزگای دیالە دوو هەفتەی ماوە و بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی خانەقینیش ئاماری مەترسیدار لەبارەی بێبەشبوونی جووتیارانی كورد لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دیالە ئاشكرا دەكات لەسەر زەویەكانیان، ئەوەیش بەهۆی نائارامیی ناوچەكە و جوڵەی میلشیا شیعەكانەوەیە.

 

كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارۆكەی خانەقین، سەر بە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە كاتێكدا وەرزی چاندنی گەنم و جۆ دەستی پێ كردووە و جووتیارانی هەرێمی كوردستان  هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەستیان بە چاندنی گەنم و جۆ كردووە، بەڵام لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دیالە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشتر، لە سەرووی پێنج هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی جووتیاران ناتوانن لەسەر زەوییەكانیان كەنم و جۆ بچێنن.

 

زیاتر گوتی، ئێستە لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە زیاتر لە دوو هەزار جووتیاری عەرەب و توركمان كاری كشتوكاڵی خۆیان دەكەن، بەڵام نزیكەی هەزار جووتیاری كورد لە ترسی میلیشیاكان و ئەو دۆخە نائارامەی ناوچەكەیانی گرتووەتەوە، ناتوانن بچنەوە سەر زەوییەكانیان.

 

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین ئاشكرای كرد، كە هەزار جووتیاری كورد لە كێڵانی سەرووی پێنج هەزار دۆنم زەوی ناتوانن گەنم و جۆ بچێنن، دووپاتیشی كردەوە، كە لێكەوتی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە بەهۆی هاتنی میلیشیاكان و نائارامی دۆخەكە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە 50%ی رووبەری كشتوكاڵی ناوچە كوردستانییەكان و جووتیارانی كورد ئەمساڵ بێبەش دەبن لە چاندنی گەنم و جۆ، ئەوەیش لە كاتێكدایە كە وەرزی چاندن لە ناوچەكە كەمتر لە 15 رۆژی ماوە.

 

لای خۆیەوە حوسێن عەلی، ئەندامی لقی جووتیارانی گەرمیانی بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ساڵانە لە رێگەی نووسراوی ئێمەوە جووتیارانی سنووری خانەقین، لەلایەن كشتوكاڵی گەرمیانەوە هاوكاری دەكران، بەڵام ئەمساڵ لە زەوییەكانیان بێبەش بوونە.

 

دووپاتی كردەوە، خاكی سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دیالە بۆ كشتوكاڵ زۆر بەپیتە، بەڵام بەداخەوە لە خاوەنە رەسەنەكانیان كە كوردە، حەرام كراوە.

 

 لە 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەهۆی خیانەتی باڵێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەشی زۆری ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان كەوتنە ژێر دەسەڵاتی میلشیا شیعەكان، كاردانەوەی ئەو دۆخەیش بووەتە هۆكاری پەكخستنی كەرتی كشتوكاڵ لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە.

 

گەرمیان/ سەبری هۆرینی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل