كەشتییەكی تری برنجە تێكچووەكە دێتە عێراق

:: AM:10:26:11/10/2016 ‌
دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو بە بەڵگەوە بڵاو كرایەوە كە كەشتییەكی برنج دەگاتە عێراق و بە تەواوی نەشیاوە بۆ خواردن و هەوڵ دەدرێ لە رێگەی بریكاری خۆراكەوە دابەش بكرێ، ئێستە هەواڵی هاتنی كەشتییەكی تری ئەم جۆرە برنجە بڵاو بووەتەوە.

پەرلەمانتاری بەرەی چاكسازی "عالیە نسەیف" ئەمڕۆ سێشەم ڕای گەیاند، كەشتییەكی تری پڕ لەو برنجە تێكچووە لەو رۆژانە دەگاتە عێراق، بۆیە داوا لە سەرۆك وەزیران دەكەن بە وردی چاودێری ئەو بابەتە بكات و بە توندی چاودێری گەندەڵكاران و ئەوانە بكات كە دەستیان لەم كارە هەیە و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێ، زانیاریمان هەیە كە كەشتییەكی تری پڕ لەو برنجە تێكچووە بەناوی "ستۆنی لیك" دەگاتە عێراق كە بڕی 40 هەزار تۆن برنجی تێكچووی بار كردووە، پێویستە بەر لەوەی كەشتییەكە بگات، بڕیاری لەسەر بدرێ و رێگە نەدرێ ئەو برنجە تێكچووە بگاتە عێراق.

هەروەها گوتی، كۆمپانیاكانی ئۆلام و ئالتی قود و ئەمیرجاد ئەو جۆرە برنجە دەنێرن كە ناوەكەی "سوارنا"یە و بڕی هەر تۆنێك لەو برنجەش، 20 دۆلارە و بە كەمترین نرخ دەكڕدرێت.

جێی باسە لە هەفتەی پێشوو كێشە و ناكۆكی گەورە دروست بووە لەسەر هاتنی كەشتییەكی پڕ لە برنجی تێكچوو بۆ عێراق، برنجەكەش لە رێگەی بریكاری خۆراكەوە دابەش دەكرێت، بەو هۆیەوە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بڕیارە سكاڵایەكی یاسایی لە دادگەی دەستپاكی عێراق لەسەر ئەم دۆسیەیە تۆمار بكات.

وشە/سۆمەریە نیوز، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د