گه‌نده‌ڵی به‌ بڕی 41 ملیار دۆلار له‌ كه‌رتی كاره‌با ئاشكرا بوو

:: AM:09:39:08/01/2018 ‌
لە دوای 2003 و پاش 14 ساڵ لە حوكمی دوای ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، گەورەترین گرفت كە تووشی عێراقییەكان بووەوە، نەبوونی كارەبا و كەمی ڕێژەی پێدانی كارەبا بوو، بۆ ئەو مەبەستەیش حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بڕی 41 ملیار دۆلاریان لەو كەرتە خەرج كردووە، بەڵام سەرجەمی ئەو پارەیە گەندەڵی تێدا كراوە و بە هەدەر دراوە، هیچ پێشڤەچوونێكی لە دۆخی كارەبای عێراق دروست نەكردووە و شارەكانی عێراق هەر تاریك و بێ كارەبان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، لە دوای 2003ەوە تا ئێستە 41 ملیار دۆلار بەناوی پڕۆژەكانی كارەبا لەلایەن حكوومەتی عێراق خەرج كراون، بەڵام هیچ پڕۆژەیەك دیار نییە و گەورەترین گەندەڵی لە كەرتی كارەبا تۆمار كراوە و تا ئێستەیش 88 دۆسیەی گەندەڵی لە كەرتی كارەبا لە دەستپاكی و دادگای باڵای عێراقە.

زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، لەو 88 دۆسیەیە، ئەوانەی تێوەگلاون بە بردنی پارەی پڕۆژەكانی كارەبا سەرۆك وەزیران و سیاسییە باڵاكانی عێراقن، سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "ئەحمەد چەلەبی" كە بەشێوەیەكی نامۆ لە مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2015 گیانی لە دەست دا، بەر لە كۆچكردنی ئاشكرای كرد، بەڵگەنامەی زۆر گرنگی لایە و دەیسەلمێنێ بەرپرسی زۆر باڵای عێراق دەستیان لە گەندەڵی و دزینی پارەی گشتی هەبووە، زۆرێك لە كەسە نزیكەكانی ئاماژە بەوە دەكەن، هەڕەشەكردنی چەلەبی بە بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە پێوەندی بە گیان لە دەستدانی ناوبراو هەیە و ئەو ژەهرخوارد كرابوو.

ڕۆژنامەی "العربی الجدید" لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، گەورەترین دۆسیەی كەرتی كارەبا گرێبەستی وەزارەتی كارەبای عێراقە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی بەناوی "پاوەر ئنجینز" بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی وێستگەیەكی گەورەی كارەبا لە شاری ناسریە و هێنانی ئامێر و تۆرباینی زەبەلاح بۆ دروستكردنی وێستگە كارەبایییەكە، بەڵام كاتێك بەحیساب تۆرباینە زەبەلاحەكان گەیشتوونەتە بەندەری مینای عێراق، دەركەوتووە تەنیا كەلوپەلی یاریكردنی منداڵانە و بە هیچ شێوەیەك تاكە مۆلیدەیەكی بچووكیش نەهێنراوەتە عێراق، ئەو گرێبەستە بڕەكەی بە 21 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی خەمڵێنراوە و كۆمپانیا بەریتانییەكەیش وەهمی بووە و بەهیچ شێوەیەك بوونی نەبووە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەهۆی ئەو گەندەڵییەی لە كارەبای نیشتمانی هەیە، خەڵك ناچارن پەنا بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان ببەن، بەڵام ئەوانیش بڕی كارەباكەیان كەمە و نرخیان گرانە و بەردەوامیش دێن و دەپچڕێن و ناتوانن تەواوی سەعاتەكان كارەبا بە خەڵكی عێراق بدەنەوە، حكوومەتیش ناچار بووە تەنیا پشت بەو ڕێگەچارەیە ببەستێ و بۆ ئاسانكاریكردن بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان، بڕیار درا گاز بەخاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان بدرێ، بەڵام 70%ی ئەو گازەی حكوومەت بە حیساب بە مۆلیدە ئەهلییەكانی داوە، لەلایەن بەرپرسانەوە دزراوە و لە بازاڕی ڕەش مامەڵەی پێ كراوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە 30 هەزار مۆلیدەی ئەهلی لە عێراق هەن و كارەبا بە خەڵكی دەدەن.

خەڵكی عێراق بەردەوام ناڕەزایی و نیگەرانی بەرانبەر بە كارەبای مۆلیدەكانیش دەردەبڕن، چونكە مانگانە پارەیەكی زۆریان پێ دەدەن، بەڵام ناتوانن كارەبایەكی باشیان پێ بدەن، بەڵكو بەردەوام بە بیانووی شكستی مۆلیدە و گەرمی ژینگە و پێنەدانی گاز لەلایەن حكوومەتەوە زۆر جار كارەبا دەبڕن و مۆلیدەكان دەكوژێننەوە.

بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا، وەزارەتی كارەبای عێراق لە گەڕەكی زەیونەی بەغدا بەشێوەیەكی نموونەیی پێڕەوی سیستەمێكی نوێی دابەشكردنی كارەبای كرد، ئەویش وەرگرتنی پارەیە بەگوێرەی بڕی ئەو كارەبایەی خەرجی دەكەیت، واتە ئەگەر كەسێك ئامێری كارەبایی زۆر بەكار بهێنێت، ئەو نرخەكەی زیاتر دەبێ لە بەرانبەر كەسێك كە كەمترین ئامێری كارەبایی بەكار بهێنێت، ئەزموونەكە لەو گەڕەكە سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێنا و بڕیاربوو لە ناوچەكانی تری عێراقیش جێبەجێ بكرێ، بەڵام خۆپێشاندان دژی ئەو سیستەمەی دابەشكردن دەستی پێ كرد و وەستا.

شێخ عەباس شەمەری ئەندامی ئەنجوومەنی هۆزەكانی پارێزگای زیقار گوتی، تەواوی شێخەكانی شارەكە ڕەتمان كردووەتەوە و ڕێ بە دانانی ئەو سیستەمە نوێیەی كارەبا نادەین، چونكە ئەمە یارمەتیدەرێكی بەهێز دەبێ بۆ دزی و گەندەڵی، جیا لەوە هیچی تر نییە.

لە بەرانبەردا پێشتر سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دژی ئەو كەسانە وەستایەوە كە لەگەڵ دابەشكردنی كارەبا نین بەگوێرەی ئەو سیستەمە تازەیە، كە لە ڕێی بڕی خەرجی كارەبا پارە لە هاووڵاتییان وەردەگرێ، نەك لەسەر بنەمای كارەبای هەیە. عەبادی گوتی، ئەوانەی دژی ئەو سیستەمەن گرووپی مافیایین و دەیانەوێ مۆلیدەكانیان بمێنێ، كە مانگانە بە ملیۆنان دیناریان دەست دەكەوێ و دزی دەكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د