لە ساڵی رابردوو 137 پێشێلكاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان تۆمار كراوە

:: PM:02:26:11/01/2018 ‌
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماری پێشێلكارییەكانی بەرانبەر رۆژنامەنووسانی هەرێم لەماوەی ساڵی 2017 بڵاو كردەوە و لەو ساڵەدا 137 حاڵەتی پێشێلكاری تۆمار كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی كانوونی دووەم، ئازاد محەمەد ئەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە ساڵی 2017 بە بەراورد بە ساڵی 2016 پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان زیاترن.

ڕوونی كردەوە كە لە ساڵی 2016دا، 45 پێشێلكاری بەرانبەر بە 65 رۆژنامەنووس ئەنجامدراون و لەكاتێكدا لە ساڵی 2017دا 137 حاڵەتی پێشێلكاری تۆمار كراوە.

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو، ململانێی سیاسی و حزبی و ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری رابردوو وێڕای شەڕی داعش هۆكاربوون بۆ زیادبوونی پێشێلكارییەكان بەرانبەر رۆژنامەنووسان.

هەر بەپێی ئامارەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسان كە "وشە" وێنەیەكی بڵاو دەكاتەوە لەماوەی ئەو ساڵەدا سێ‌ حاڵەتی تیرۆر و یەك حاڵەتی خۆكوشتن و دوو حاڵەتی شەهیدبونی رۆژنامەنووسان تۆماركراون.

ئەوەش ئاشكرا كراوە كە لەو ساڵەدا 13 دەزگەی رۆژنامەنووسی داخراون و 30 رۆژنامەنوس گیراون و  25 حاڵەتی لێدان و 54 حاڵەتی رێگەنەدان بۆ 111 رۆژنامەنووس تۆماركراوە.

 







وشە - سه‌رخێڵ هاشم