كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكان: هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەبێت

:: AM:09:31:12/01/2018 ‌
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق، به‌ شێوه‌یه‌كى نافه‌رمى ڕایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری داهاتوودا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، 205 قەوارەی سیاسی تۆماركراون و 24 ملیۆن هاووڵاتیش مافی دەنگدانیان هەیە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق سەرقاڵی دواین ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانە.

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق، ڕزگار حەمە محێدین لە بارەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە به‌ ئاژانسی "ئانادۆڵو" راِگه‌یاندووه‌: "وەك كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانمان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەستپێكردووە و دوێنێ پێنجشه‌م 11 ى كانوونى دووه‌م، دوا وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا ئێستا 205 قەوارەی سیاسی ناوی خۆی تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن".

زیاتر ڕوونى كردۆته‌وه‌:"لە ڕووی هونەری و كارگێڕییەوە هەموو ئامادەكارییەكانمان كردووە و هەڵبژاردنەكە لە ڕۆژی 12 ی ئایاری داهاتوو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوە دەچێت، یەكەمین جارە بۆ هەڵبژاردنەكان ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ دەنگدانەكان بەكار دەهێنین كە هەڵبژاردنێكی ئەلیكترۆنی دەبێت و دەنگدەر دەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی دەنگەكەی دەستكاری ناكرێت، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەبێت".

بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه‌، کە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، 24 ملیۆن دەنگدەر لە ته‌واوى عێراقدا مافی بەشداریكردنی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیەش  سێ‌ ملیۆن و 700 كەسیان یەكەمجارە بەشداری دەنگدان دەكەن.

حكوومەتی عێراق وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دیاری كردووە، بەڵام تا ئێستە لە پەرلەمانی عێراق فراكسیۆنەكان بۆچوونی جیاوازیان لەو بارەوە هەیە و لەسەری نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و پرسەكەیش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ شێوه‌ى لیستی‌ نیمچه‌ كراوه‌ ده‌بێت، واتا ده‌نگده‌ر بۆی‌ هه‌یه‌ ده‌نگ به‌ لیست و كاندیده‌كه‌ بدات.


وشە - محەمەد میران