ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانییەكانی لە هەژاری ڕزگار نەكرد

:: AM:10:20:13/01/2018 ‌
ئێرانییەكان دوای واژووكردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئامانجیان ئەوەبوو پاش هەڵگرتنی سزاكان ڕەوشی ژیانیان باشتر دەبێ، بەڵام ئێستە بە تەواوی بێهیوان و بۆیان ڕوون بووەتەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی، هۆكاری سەرەكییە بۆ باش نەبوونی دۆخی ئابووری وڵاتەكەیان و خەڵكەكەی.

دۆخی ئابووری وڵاتەكە زۆر خراپە، ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژەی بێكاری و هەڵئاوسان و هەژاری بەرزتر دەبێتەوە و زیاتر لەو ڕێژەیەی بەر لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك ئەنجام درا، لە ساڵی 2015. خەڵكی ئێران دووپات لەوە دەكەنەوە كە دوای واژووكردنی ڕێككەوتنامەكە ئەوان بە هیوابوون كە دۆخی ئابووری وڵاتەكەیان ببووژێتەوە، دوای ئەوەی سزاكانیان لەسەر هەڵدەگیرێ، بەڵام هەموو پێشبینی و ئومێدەكانیان پێچەوانە دەرچوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان دۆخی هەژاری و بێكاری دوای ڕێككەوتنی ئەتۆمی زۆر زیاتر بووە و نرخی كاڵا و كەلوپەلەكان لە ئێران زیادی كردووە و داهاتی تاكیش ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە كەمبوونەوەی زیاترە.

ئەوان لەمیانەی خۆپێشاندانەكان داوایان دەكرد، ئێران دەست لە سیاسەتی پارەداركردنی میلیشیاكانی دەرەوەی سنووری وڵاتەكە بەربدات و چیتر دۆخی ناوچەكە تێكنەدات و بیر لە ناوخۆیی وڵاتەكە و دۆخی هەژاری و بێكاری بكاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان لە كۆی 80 ملیۆن هاووڵاتیی ئێران، لە سەرووی 30 ملیۆن كەسیان بە تەواوی لە ژێر هێڵی هەژاریدان و دۆخی ژیانیان لەو پەڕی خراپیدایە.

لە ڕۆژی 28ی مانگی ڕابردوو خەڵكی دژی خراپی بار و گوزەرانی ژیانیان لە شاری مەشهەد دەستیان بە خۆپێشاندان كرد و تا ئێستەیش گرژی و ناڕەزایەتییەكان بە گرووپی جیاجیا و لە ناوچەی جیاجیا بەردەوامیان هەیە و داوای باشكردنی دۆخی ئابووری وڵاتەكەیان دەكرد و پاشان دروشمەكانیان بۆ  ڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕا.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د