بەپێی راپۆرتی Deloitte.. داهاتی شەش مانگی نەوتی كوردستان سەرووی چوار ملیار دۆلارە

:: AM:11:03:17/01/2018 ‌


كۆمپانیای Deloitte كە ئەركەكەی وردبینییە لە بەرهەمهێنان، هەناردەكردن و بەكاربردن و داهاتی نەوتی كوردستان راپۆرتی شەش مانگی نەوتی كوردستانی بڵاو كردەوە. لە راپۆرتەكە ئەوە دەركەوتووە كە داهاتی گشتی نەوتی كوردستان لەو ماوەیەدا سەرووی چوار ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەوەی لە راپۆرتەكەدا دەركەوتووە ئەوەیە داهاتەكە تا دەگاتە دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە داهاتێكی پاڵاوتوو هەژمار دەكرێت، بڕێكی زۆری لێ كەم دەكرێتەوە. لێكۆڵینەوەكەی دیلۆیت دەری دەخات نیوەی داهاتە گشتییەكە بۆ مەبەستی جۆراوجۆری كۆمپانیا، گواستنەوە، بەرهەمهێنان، خزمەتگوزاری، ئاسایش، پێترۆدۆلار و خەرجی تر دەڕوات.

كۆمپانیاكە دەڵێت لە سەرجەم بوارەكانی بەرهەمهێنان تا دەگاتە فرۆشتن و وەرگرتنی داهاتەكە لێكۆڵینەوەیان كردووە و ئێستەش بە وردی لێكۆڵینەوەكەیان ئاشكرا كردووە. بەگوێرەی ئەم راپۆرتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی لوولەی نەوتەوە كە بۆ بەندەری جەیهان راكێشراوە، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا ٩٥ ملیۆن و ٨١٢ هەزار و ٧٥٥ بەرمیل نەوت نەوتی خاو هەناردە كراوە.

 هاوكات لە رێی تانكەرەوە و لە یەكێك لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەو شەش مانگەدا چوار ملیۆن و ٨٧٨ هەزار و ٨٨٧ بەرمیل نەوت هەناردە كراوە. هەر لەو ماوەیەدا و بەگوێرەی هەندێك گرێبەست، سێ ملیۆن و ٤٥٥ هەزار و ٨٢٢ بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگەكانی نەوتی خاوی كوردستان دابین كراوە، جگەلەمە ملیۆنێك و ٦١٥ هەزار و ٩٢٥ بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت تەرخان كراوە. هاوكات پێنج ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٨٨٧ بەرمیل نەوت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان فرۆشراوە یان ئاڵوگۆڕ كراوە.

بە گشتی لەو شەش مانگەدا لە هەرێمی كوردستان، ١١٠ ملیۆن و ٨٥٢ هەزار و ٢٧٦ بەرمیل نەوت هەناردە كراوە یان بەكار هێنراوە.

تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە ٤١ دۆلار و ٢٩ سەنت و بە گشتی بە بەهای سێ ملیار و ٩٦١ ملیۆن و ٩٥١ هەزار و ٩٥ دۆلار نەوت لە رێی لوولەی نەوتی كوردستان- جەیهان فرۆشراوە.


لەو نەوتەی هەرێمی كوردستان لە رێی تانكەرەوە فرۆشتوویەتی، لە شەش مانگدا بریتی بووە لە چوار ملیۆن و ٢٣٠ هەزار و ٧٩٠ بەرمیل نەوت و داهاتی ئەو نەوتەش ١٠٧ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٢٤٢ دۆلارە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، پێ دەچێت تێچووی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر زۆر بووبێت و هەریەك لە تانكەر، سەرپەرشتیكار و عەمباركردن خەرجی خۆیان هەبووە و بەگشتی تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك نەوت ٢٥ دۆلار و ٤٥ سەنت ماوەتەوە. 

كۆی گشتیی داهاتی نەوت بە لوولە و تانكەرەوە
بە گشتی لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو داهاتی نەوتی هەرێمی بریتی بووە لە چوار ملیار و ٦٩ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٣٣٧ دۆلار بووە.

ئەو داهاتە گشتییەی ئاماژەی پێ كرا داهاتی پاڵاوتوو نییە، بەڵكو بڕێكی زۆر لەو داهاتە كەم دەبێتەوە و بۆ خەرجی جیاواز دەڕوات كە هەندێكیان خەرجیی زۆر گەورەن.

بۆ نموونە  لەو بڕە پارەیە سەرووی ٥٦٨ ملیۆن دۆلار بە بەرهەمهێنەرانی نەوت دراوە. هاوكات خەرجییەكی تری پرۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بریتی بووە لە تێچووی خزمەتگوزاری پێشكەشكراو بۆ بەرژەوەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی سەرووی ٦٩٢ ملیۆن دۆلارە.

هەر لەو ماوەیەدا لە چوارچێوەی پێترۆدۆلار ٦٢ ملیۆن دۆلار بە پارێزگای كەركووك دراوە و وەزارەتی دارایی و ئابووریش لە بەرامبەر تێچووی پاراستنی ئاسایشی دامەزراوەكانی نەوت ٥٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. كۆمپانیای داناگازیش بڕی زیاتر لە ٩٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.

بەو پێیە دوو ملیار و ٧٦ ملیۆن و ١٠٢ هەزار دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان ماوەتەوە.

كۆمپانیای دیلۆیت Deloitte لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی واژوو كرد بۆ وردبینی لە داهاتی نەوتی كوردستان، بڕیار بوو كۆمپانیاكە بەوپەڕی شەفافییەوە راپۆرتەكان دوای وردبینی بخاتە ڕوو. كۆمپانیای Deloitte یەكێكە لە چوار كۆمپانیای دنیا بۆ وردبینی و لە ١٥٠ وڵاتی دنیا چالاكە، نزیكەی ٢٤٤ هەزار فەرمانبەری شارەزای هەیە و داهاتی ساڵی 2016ەشی سەرووی 36 ملیار دۆلار بووە. ئەو لە پاڵ هەریەك لە كۆمپانیاكانی پرایس واتر، هاوس كووپرز، ئێرنێست ئەند یانگ وكێی پی ئێم جی، خزمەتگوزاری پسپۆڕیی پێشكەش دەكات.





وشە - سلێمان تاشان