یونسێف: فریای منداڵانی عێراق بكەون

:: AM:08:31:20/01/2018 ‌
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی ئاشكرای كرد، منداڵان نیوەی ئاوارەكانی عێراق پێكدەهێنن، لە كۆی ژمارەی ئاوارەكان كە خۆی لە 2.6 ملیۆن كەس دەدا، لە ئەنجامی سێ ساڵەی بەردەوامی شەڕ و توندوتیژی بەهۆی هاتنی تیرۆریستانی داعشەوە، ئاوارە بوون.

هەرچەندە مانگی ڕابردوو حكوومەتی عێراق سەركەوتنی بەسەر داعش و كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچەكانی لە دەست تیرۆریستان ڕاگەیاند، بەڵام بەردەوامی بۆردمان و هێرشەكان، بابەتی چوونەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیانی بە تەواوی قورس كردووە.

پیتەر هۆكینز گەورە نوێنەری ڕێكخراوی "یونسێف" لە عێراق ڕای گەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و ململانێكان و نەبوونی وەبەرهێنان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو و هەژاری، نزیكەی چوار ملیۆن منداڵی عێراق پێویستیان بە پشتیوانی و فریاگوزارییه‌ لە تەواوی ناوچە جیاجیاكانی عێراق.

ئاماژەی دا، 1.3 ملیۆن منداڵ لە ناو 2.6 ملیۆن ئاوارە بوونیان هەیە، واتە نیوەی ڕێژەی ئاوارەكان بریتین لە منداڵان كە لە ئەنجامی شەڕ لە ناوچە جیاجیاكان ئاوارە بوون.

غێرت كابیلیری بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێكخراوی یونسێف گوتی، هەرچەندە شەڕ لە عێراق بە كۆتا هاتووە، بەڵام تا ئێستەیش توندوتیژی لە ناوچەكان بەردەوامییان هەیە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو سێ تەقینەوە بەغدایان هەژاندووە.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د