ئەنجامی كۆبوونەوەكەی نێوان عێراق و كوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران هاتە راگەیاندن

:: PM:02:26:22/01/2018 ‌

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی نێوان شاندی بەغدا و شاندی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، لیژنەی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند، لە سبەی ڕۆژی سێشەم دەست بە وردبینی مووچە دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی دووەم، ڤیان حوسێن بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و ئەندامی لیژنەی وردبینیكردن لە لیستی مووچەخۆران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەو لیژنەیەی ئەمڕۆ سەردانی هەولێریان كرد، بۆ دوو بەش دابەش بوون و سبەی دەست بەوردبینیكردن لە مووچەخۆرانی دیوانی وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە دەكەن.

ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی زیاتر گوتی، وردبینیكردنەكە بریتییە لەسەر بنەمای ژمارەی میلاكات و لیستی مووچەكان دوای كۆتاهاتنی دیوانەكانیش، بەسەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان دابەش دەبن.

ڤیان لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان ئاشكرای كرد، داوایان كردووە لە پێش كاری وردبینیكردنەكە، مووچەیەك بە مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەتەكە بدرێت و ئەو داوایەش بۆ حكوومەتی عێراق بەرز كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە وەڵام نەدراونەتەوە، بۆیە وادەی ناردنی موچەی پەروەردە و تەندروستی دیار نییە.

لە ڕۆژی چواری كانوونی دووەم، بەغدا بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە هەریەكە لە وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی كرد لیستی مووچەكانیان بنێرن تا وردبینی و كاری یاسایی بۆ بكرێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش دوای سێ‌ ساڵ لە بڕینی مووچەی هەرێمی كوردستان. 



وشە - رامیار جەواد