وردبینی له‌ لیستی مووچه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ش ده‌ستی پێ كرد


لیژنەی وردبینی بۆ پێداچوونه‌وه‌ لە لیستی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ سێشه‌م گەیشتنە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستیان بەكارەكانیان كرد.

عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیەوەی زانستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە "وشه‌"ی راگه‌یاند: دوای ئەوەی دوێنێ ئەو لیژنەیه‌ گەیشتنە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ گەیشتوونەتە وەزارەته‌كه‌یان و دەستیان به‌كاركردن كردووه‌.

ئه‌وه‌شی گوت، ئێمەیش وەك وەزارەت بەر لەهاتنی لیژنە باڵاكەی وردبینی لە دوو هەفتەی رابردوو كۆمەڵێك ئامادەكاری پێشوەختەمان كردبوو، ئەوانیش هەندێ داواكاری تریان هەبوو، بۆیان ئامادەكرا و لەرێگەی ئیمه‌یل بۆیان رەوانە كرا، ئەم لیژنەیەش هەر داواكارییەكیان هەبێت، بۆیان ئامادە دەكرێت لەبارەی شایستە و بڕی مووچە و پێویستییەكانی تر وەك هەیكەلی ئیداری و شوێنی زانكۆكان و ناونیشانی فەرمانبەری.

گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی خستییه‌ ڕوو، لیژنەكە دەستیان كردووە بەكاری وردبینی خۆیان، وەزارەتی خوێندنی باڵاش كە یەكێكە لە وەزارەتە گەورەكان و سەرجەم زانكۆ حكومییەكان بەستراونەتەوە بەوەزارەت، نزیكەی 20 هەزار فەرمانبەری هەیە، لەگەڵ حه‌وت هه‌زار و 500 مامۆستا كە وانە دەڵێنەوە لەسەرجەم زانكۆكان و دیوانی وەزارەت".

ڕوونی كرده‌وه‌، بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆیەك مانگ بریتییە لە 37 ملیار و 191 ملیۆن دینار.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر لیژنه‌كه‌ وردبینی له‌ لیستی مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌دا كرد، به‌ڵام هێشتا بڕیاری خه‌رجكردنی مووچه‌كانیان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌رنه‌چووه‌.

وشه‌_ هه‌ستیار


وشە - كوردۆ شابان


PM:12:28:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 1823 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌