دوا زانیاری لەبارەی دابەشكردنی نەوتی زستان

:: PM:02:38:11/10/2016 ‌
ساڵانە لەكاتی هاتنی وەرزی سەرما، حكوومەتی هەرێم كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی بەغدا، 200 لیتر نەوت بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات كە دەكاتە بەرمیلێك نەوتی سپی، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا ئەم بڕە نەوتە بە رێژەیەكی زۆر كەم بۆ هەولێر نێردراوە و بەشی هیچ شتێك ناكات.

هەمزە حامد بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "پرۆسەی دابەشكردنی نەوت چەندان ساڵە حكوومەت خۆی سەرپەرشتی دەكرد و دابەشی دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە دراوەتە دەست پارێزگاكان".

هەروەها گوتی،  لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ئەوەی ئەمساڵ بڕی بەرمیلێك نەوت بەسەر هەر خێزانێك دابەش بكەین، پێویستیمان بە 93 ملیۆن لیتر هەیە، بۆ قوتابخانەكانی سنووری پارێزگای هەولێریش پێویستمان بە 60 ملیۆن لیتر هەیە، واتە كۆی بڕی پێویستی نەوت دەكاتە 153 ملیۆن لیتر، ئەوكات دەتوانرێ نەوت بەسەر هەموو ماڵان و قوتابخانەكان دابەش بكرێت.

ئاماژەی دا، بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە پارێزگاكان لە توانایاندا نییە ئەم بڕەی زۆرەی نەوت دابین بكەن، ساڵانی پێشووش ئەم بڕە نەوتە لەلایەن بەغداوە ڕەوانە دەكرا.

پێشتر مستەفا تەها بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كە ئەمساڵ تا ئێستە تەنیا پێنج ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەولێر هاتووە و 30 ملیۆنیش بۆ سلێمانی و 20 ملیۆن لیتریش بۆ دهۆك لەلایەن بەغداوە نێردراوە.

بەگوێرەی لێكدانەوەی ژمارەكان بێ، پێنج ملیۆن لیتری هەولێر لە بەرامبەر پێویستی هەولێر بە 153 ملیۆن لیتر، مانای وایە تا ئێستە زیاتر لە 3% نەوت بۆ هەولێر، ئەمەش لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان بەگشتی و ناوچە شاخاوییەكان بەتایبەتی لە وەرزی سەرما نزیك دەبنەوە.

وشە/ڕامیار جەواد.


وشە - رامیار جەواد