سبەی لەم شارانەی عێراق پشووی فەرمییە

:: PM:11:07:17/02/2018 ‌

لە هەفتەی رابردووەوە باران زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی گرتەوە و بەو هۆیەشەوە بە شێك لە شار و شارۆكەكانی عێراق سبەیان كردە پشوو بەهۆی ئەگەری زۆری دروستبوونی لافاو كە مەترسیی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست دەكات. 

ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە سبەی یەكشەم دەبێتە پشووی فەرمی لە فەرمانگەكانی دەوڵەت لەو پارێزگایە جگە لە فەرمانگەكانی خزمەتگوزاری، ئەوەیش بەهۆی خراپیی كەشوهەوا و بارانبارینێكی زۆر كە تا ئێستەیش بەردەوامە.

لای خۆیەوە موسەنا تەمیمی، پارێزگاری دیالە رای گەیاند كە سبەی یەكشەم لە سەرانسەری پارێزگاكە دەبێتە پشووی فەرمی جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بەهۆی بارانبارینێكی زۆرەوە.

هەر ئەمڕۆ شاری سامەڕای سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین رای گەیاند كە بەهۆی خراپیی كەشوهەواوە سبەی لە قوتابخانەكانی شارەكە پشووی فەرمییە، لەو كاتەی ئەحمەد جبووری پارێزگاری سەڵاحەدین رای گەیاند كە بەهۆی خراپیی كەشوهەوا و بارانێكی زۆرەوە سبەی یەكشەم لە هەموو فەرمانگەكانی سەڵاحەدین پشووی فەرمییە، جگە لە فەمانگە خزمەتگوزارییەكان نەبێت.  

هەر ئەمڕۆ قایمقامی شارۆكەی كەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە رێژەی بارانبارین كە لە دەوروبەری ناوچەكە لە 24 سەعاتی رابردوو باریوە گەیشتووەتە 53 ملم و پێشبینیش دەكرێت كە ئەمشەو بارانی بەخوڕ لە ناوچەكە ببارێت، بۆیە لە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار خەڵكی ناوچەكە وریا كرانەوە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل