سیستانی لەسەر بڕینی 400 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی كوردستان دێتە دەنگ

:: PM:04:34:20/02/2018 ‌

حەیدەر عەبادی بە بڕیارێك 400 ملیار دینار شایستەی دارایی جووتیارانی كوردستان دەبڕێت و پرسەكە تێكەڵ بە سیاسەت دەكات. شاندێكی جووتیارانی كوردستان لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ عەلی سیستانی كۆ دەبنەوە و ئەویش بەڵێنی چارەسەری كێشەكانیان دەدات.

دوێنێ دوشەم 19ی شوبات، شاندێكی جووتیارانی كوردستان سەردانی نەجەفیان كرد و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆ بوونەوە و داوایان لێ كرد دەستوەردان بكات و رێ نەدات حكوومەتی عێراق شایستەی دارایی جووتیارانی كوردستان تێكەڵ بە سیاسەت بكات.

ئەو سەردانەی شاندی جووتیارانی كوردستان، دوای ئەوە دێت حكوومەتی عێراق بڕیاری خەرجكردنی 270 ملیار دیناری بۆ شایستەی جووتیارانی كوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 داوە و نووسراوی وەرگرتنی پارەكەشی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە، بەڵام شایستەی دارایی جووتیارانی كوردستان بۆ ئەو سێ ساڵە كە لای حكوومەتی عێراق ماوەتەوە، 670ملیار دینارە، بەمەش 400 ملیار دیناری جووتیارانی كوردستان دەفەوتێت.

ئەگەرچی پەرلەمانتارانی كوردستانی لە بەغدا لە ماوەی رابردوو چەندان جار هەوڵیان داوە حكوومەتی عێراق شایستە دارایییەكانی جووتیارانی كوردستان خەرج بكات، بەڵام هەوڵەكان بێ سوود بوون و عەبادیش ئەو پرسەی تێكەڵ بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردووە و گەنمی جووتیارانی كوردستانی بە نرخی بازاڕ ئەژمار كردووە نەك ئەو نرخەی حكوومەتی عێراق گەنم وەردەگرێت.

نائومێدیی جووتیارانی كوردستان لە خەرجكردنی شایستە دارایییەكانیان لەلایەن عەبادی وەك خۆیان دەڵێن، هانی داون سەردانی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق بكەن.

شاندەكە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سیستانی، ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغدا كۆ بوونەتەوە، بە قسەی جووتیاران بێت مەعسووم بەڵێنی ئەوەی پێ داون كە لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر پرسی بودجە، داخوازیی جووتیارانی كوردستان یەكەم خاڵ دەبێت لەگەڵ حەیدەر عەبادی باسی بكات.

محەمەد حوسێن فەرەج جووتیاری دەڤەری سەید سادق دەڵێ، حەیدەر عەبادی بە بڕیارێك پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستانی كەم كردووەتەوە و ئەو پرسەشی تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردووە. گوتی "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ سیستانی، پێمان گوت ئێمە جووتیارین و هەقمان بەسەر كێشە سیاسییەكان نییە، ئەویش بەڵێنی تەواوی داوە بەدواداچوونی بۆ بكات".

روونی كردەوە, ماوەی 10 خولەك لەگەڵ سیستانی كۆ بوونەتەوە. سیستانی پێی گوتوون حەیدەر عەبادی بە شەخسی چەندان جار داوای كردووە تەنیا سێ خولەك كاتی پێ بدات سەردانی بكات، بەڵام "رەتم كردووەتەوە و بە عەبادیم گوت نەیەی بۆ ئەم ناوە، تۆ زاڵمی و ستەم لە خەڵكی فەقیر دەكەی..".

محەمەد حوسێن گوتی، "سیستانی ئامادە نییە یەك سەركردەی سیاسیی عێراقی ببینێت، بەڵام بە ئێمەی گوت مادام ئێوە چینێكی هەژارن، ئامادەم بتانبینم". ئەو 10 خولەك لە كاتی خۆی پێ داین و لەگەڵیشمان هاتە دەرەوە و دەستی خستە سەر سەری و دووپاتی كردەوە كە ئەو غەدرەمان بۆ بگەڕێنێتەوە".

شاندی جووتیارانی كوردستان ژمارەیان 14 جووتیار بووە و هی ناوچەكانی هەڵەبجە، سەیدسادق، سیروان و شارەزوور لەگەڵ جووتیارێكی سلێمانی بوون.

ئەرسەلان قادر ئەفەندی سەرپەرشتیاری لیژنەی جووتیاران بۆ سەردانی سیستانی، داوا لە جووتیارانی هەولێر دەكات ئەو پارەیە وەرنەگرن كە حكوومەتی عێراق رەوانەی كردووە و دەڵێ، ئێمە لە دانیشتنمان لەگەڵ سیستانی وەك نوێنەری جووتیارانی هەموو كوردستان قسەمان كردووە.

زیاتر گوتی "داوا لە جووتیارانی هەولێر و دهۆك دەكەم ئەو پارە كەمە وەرنەگرن، ئەگەر نا دەبێت بە بڕیار و 400 ملیارەكەی ترمان دەفەوتێت".

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەلەفۆن قسەیان كردووە و داوایان لێ كردووە واژوو لەسەر ئەو چەكە نەكات كە 270 ملیار دیناری بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی كوردستان لەسەر نووسراوە، ئەگەر ئەوە بكات ئەو 400 ملیار دینارەكەی تری جووتیاران دەفەوتێت، گوتی "ئەوانیش گوتیان واژووی ناكەین تا هەمووی بەیەكەوە خەرج دەكرێت".

زیاتر گوتی "پەرلەمانتارانی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆیان داوە، بەڵام عەبادی تاكڕەوی دەكات و خۆی بە براوە دەزانێت و حیساب بۆ كەس ناكات".



وشە - فه‌رمان سادق