رێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى هه‌رێم رایگه‌یاند، "حكوومه‌تى هه‌رێم به‌ر له نه‌ورۆز مووچه‌ى مامۆستایان ده‌دات و له‌دواى نه‌ورۆزیش مووچه‌ى شوێنه‌كانى تر ده‌دات".
ئه‌مڕۆ دواى كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شاندى به‌غدا، رێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق له‌باره‌ى لیستى نوێی مووچه كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه بدرێت ئاشكراى كرد، "به‌ر له نه‌ورۆز ته‌نیا مووچه‌ى مامۆستایان ده‌ده‌ین و دواى نه‌ورۆزیش مووچه‌ى شوێنه‌كانى تر ده‌درێت".
ئه‌مڕۆ دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان شاندى به‌غدا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له ئه‌نجامدا به كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتن گه‌یشتن.
له كۆبوونه‌وه‌كه رێباز حه‌ملانى وه‌زیرى دارایى هه‌رێمى كوردستان ئاماده بوو، شاندى به‌غداش له‌لایه‌ن عه‌لى عه‌لاقى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا.
دوێنێ شانده‌كه‌ى به‌غدا گه‌یشته هه‌رێم به ئامانجى تاوتوێكردنى بابه‌تى بانكه‌كان و باج و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێم تاوتوێ بكات.
له‌باره‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه، پێشتر حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى حكوومه‌تى به‌غدا له كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ى خۆى رای گه‌یاندبوو كه به‌ر له جه‌ژنى نه‌ورۆز، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده ره‌وانه ده‌كات.