بەغدا دەست بە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران دەکات

:: PM:04:30:19/03/2018 ‌

بەرپرسێكی باڵای عێراق باس لە گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ ئێران بەمزووانە دەكات و لە هۆكاری دواكەوتنی گواستنەوەی نەوتیش رەتی دەكاتەوە هیچ پێوەندییەكی بە پرسی تەناهی هەبێت و دەڵێت، چاوەڕوانی كۆمپانیایەكیان دەكرد بۆ ئەوەی ئەو نەوتەیان بۆ بگوازێتەوە.

عەلا یەسیری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی كە تایبەتە بە فرۆشتن و بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق، باسی لەوە كرد كە عێراق لە رێی وەبەرهێنانی هاوبەش دەیەوێت لە بازاڕی ئاسیا پشكێكی زیاتر دەستەبەر بكات. ئەو گوتی دەیەوێت لە رێی هەندێك كۆمپانیا لە چین، هیندستان، ژاپۆن و كۆریای باشوور خوازیاری ئەوەن بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمەكانی خۆیان بدۆزنەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی عێراق، ئێستە ٦٠٪ی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی ئاسیا هەناردە دەكرێت. یەسیری  ئاماژە بە یەكێك لەو گرێبەستانە دەكات كە لەگەڵ چین واژووی كردووە، ئەو گرێبەستە یارمەتی عێراق دەدات نەوتی هەناردەكراوی خۆی بگەیەنێتە پاڵاوگەكانی چین.

لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەش كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شاری كەركووكیان داگیر كرد و دەستیان بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا گرت، عێراق گرێبەستی لەگەڵ ئێراندا واژوو كرد بۆ گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ ئێران، بەڵام هێشتا ئەو گرێبەستە جێبەجێ نەكراوە.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆی عێراق رەتی دەكاتەوە گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ ئێران پێوەندی بە پرسی تەناهییەوە هەبێت و دەڵێت، كێشەكە تەنیا ئەوەیە هێشتا نەیانتوانیوە لەگەڵ كۆمپانیایەك رێك بكەون كە رۆڵی گواستنەوەی نەوتەكە بەرەو ئێران ببینێت.

بەگوێرەی "فارسنیوز" بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ مەبەستی گواستنەوەی نەوتی كەركووك بەرەو ئێران لەگەڵ چوار كۆمپانیای ناوخۆیی گرێبەست واژوو بكات. یەسیری دەڵێت لە قۆناغی یەكەمدا رۆژانە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی كەركووكەوە بەرەو ئێران دەگوازرێتەوە. ئەو پێی وایە ناكرێت نەوتەكە لە لایەن یەك كۆمپانیاوە بۆ ئێران بگوازرێتەوە، بەڵكو لە لایەن چوار كۆمپانیاوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی لە پرسی گواستنەوەدا هیچ كێشەیەك نەیەتە كایەوە.

لەبارەی گواستنەوەی نەوتی كەركووك بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا، ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراق بە سەرچاوەكەی گوتووە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دانوستاندایە و هێشتا بە هیچ رێككەوتنێك نەگەیشتووە. ئەو هەروەها دەڵێت، "پێشتریش بە كوردمان گوتووە ئەو هێڵە نەوتییەی لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهان راكێشراوە، دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندیدا بێت نەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان."

جێی باسە لە كەركووك دوو هێڵ بەرەو توركیا راكێشراون كە یەكێكیان پێشتر نەوتی لێوە هەناردە دەكرا و بە هۆی هێرشە هێزە تیرۆریستییەكان ئەم هێڵە تێكچوو و وا بە ئاسانیش نۆژەن ناكرێتەوە. هێڵی دووەم لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا راكێشراوە و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی كەركووكی لێوە هەناردە دەكات.

ئەو نەوتەی لە كەركووكەوە هەناردە دەكرا، هی كێڵگەكانی بای حەسەن و هاڤانا و چەند شوێنێكی تر بوو كە رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە دەكرا و لە كێڵگەكانی تری هەرێمی كوردستانیش نزیكەی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی تر هەناردە دەكرا كە بەیەكەوە دەگەیشتنە ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو داهاتەی لە فرۆشتنی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەستی دەكەوت، هەوڵی دەدا مووچەی فەرمانبەرانی پێ بدا، بەڵام هیچ كاتێك نەیتوانی ئەم مووچەیە بە تەواوی بنێرێت و تەنانەت لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە سیستەمی پاشەكەوتی پێڕەو كرد، بەڵام نزمبوونی نرخی نەوت هۆكار بوو لەوەی هەرێمی كوردستان نەتوانێت بەسەر تەنگژەی داراییدا زاڵ بێت.

لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ كاتێك حكوومەتی عێراق دەستی بەسەر كەركووكدا گرت، یەكێك لە گرنگترین ئامانجەكانی حكوومەتی عێراق ئەوە بوو دەست بەسەر كێڵگەكانی نەوتی كەركووكدا بگرێت و هەرێمی كوردستان لەو نەوتە بێبەش بكات. لەمەشدا سەركەوتوو بوو و لەو كاتەوە هەرێمی كوردستان تەنیا نەوتەكەی خۆی دەفرۆشێت.

گواستنەوەی نەوت لە رێی تانكەر بەرەو ئێران زیانی بۆ كەرتی نەوتی كەركووك هەیە، چونكە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی كەركووك زۆر لەوە زیاترە بە تانكەر هەناردەی ئێران بكرێت، جگەلەمە نرخی گواستنەوەی نەوت لەم رێیەوە گران دەوەستێت و داهاتێكی ئەوتۆ دەستەبەر ناكات لە كاتێكدا ئەگەر نەوتەكە لە رێی هێڵی كوردستان جەیهان بگوازرێتەوە، ئەوا دەتوانرێت لە یەكەم قۆناغدا نزیكەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل هەناردە بكات.

كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا وای كردووە هەردوو لایەن لە نەوتی كەركووك لە جیاتی قازانج زیان ببینن، چونكە دەرنەهێنانی نەوت لە بیرەكانی كەركووك ئەگەر درێژە بكێشێت، ئەوا دەبێتە هۆی وشكبوونی بیرەكان.





وشە - سلێمان تاشان