دانە غاز گرێبەستێكی 10 ساڵی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ئاشكرا كرد

:: PM:06:58:21/03/2018 ‌
هەردوو كۆمپانیای دانە غاز و نەفتی هیلال گرێبەستێكیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی غاز لە كێڵگەی "كۆرمۆر" واژوو كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئادار/ مارس، ماڵپەڕی فەرمی دانە غاز بڵاوی كردەوە كە هەردوو كۆمپانیای ئیماراتی "نەوتی هیلال و دانە غاز" گرێبەستێكی 10 ساڵییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو كردووە بۆ دابینكردن و فرۆشتنی بڕی ئەو غازە زیادەیەی كە بڕیارە ئەم ساڵ هەردوو كۆمپانیا لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرهەمی بهێنن.

گرێبەستەكەی هەردوو كۆمپانیا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 30-1-2018 ‌لە نێوان ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و مەجید جەعفەر، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی هیلال و د. پاتریك ئەڵمان وارد، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دانە غاز واژوو كراوە.

بەپێی هەواڵەكە، ئامانجی  ئەو گرێبەستە زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازە لە كێڵگەی "كۆرمۆر" بە ڕێژەی 80 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا پێش كۆتایی ساڵی 2018، ئەوە لەكاتێكدا ئاستی ئێستەی بەرهەمی غازی كێڵگەی  كۆرمۆر 305 ملیۆن پێ سێجایە.

بەپێی پلانەكە دەبێت لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا كۆمپانیاكە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەڕێژەی لە 120% بەرز بكاتەوە و بگاتە بەرهەمهێنانی 900 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا.

ئاماژە بەوەیشكراوە كە بەهۆی پڕۆژەكانی دانە غاز سوودی ئابووری بە بەهای ملیاران دۆلار بۆ حكوومەتی هەرێم بەدەستهاتووە و قەبارەی وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیە تا ئێستە گەیشتووەتە ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ بەرهەمهێنانی زیاتر لە 228 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت، ئەوەش بووە هۆكاری پاشەكەوتكردنی چەندان ملیار دۆلار كە لە كڕینی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەفیڕۆدەچوو.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم