سبەی كۆبوونەوە بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت

:: PM:04:45:24/03/2018 ‌

بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجام بدرێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسەنگاندن بۆ كۆی داهاتەكان و مووچەی فەرمانبەران و شێوازی پێداچوونەوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات و شێوازێكی نوێ‌ دیاری بكات بۆ پێدانی مووچە.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی ئادار/ مارس، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە لێداونێكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، چاوەڕێی كۆبوونەوەكەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ زانینی هەڵوێستی حكوومەت لەسەر شێوازی پێدانی مووچە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پێوەندی بە نووری عوسمان سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و زانیاری كرد لە ئەنجووومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ناوبراو گوتی، جارێ‌ هیچ زانیارییەكم نییە لەسەر ئەوەی سبەی یەكشەم ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە كۆبوونەوەكەی سبەی هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەكان كۆ دەبنەوە، ئەگەری بەشداری پێكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش هەیە، بەڵام تا ئێستە ڕوون نییە كە بەشداری دەكەن یان نا.

ڕێبوار مستەفا پسپۆڕی بواری ئابووری و سەرۆكی دەزگەی توێژینەوەی ئابووری بۆ هەمووان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی سبەی بڕیاری پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەرانی تێدا دەدرێت، بەگوێرەی داهاتی بەردەستی حكوومەت، ئەگەری پاشەكەوتی %10 بۆ %30 بەگوێرەی ڕێژەی بەرزی مووچە دیاری دەكرێت.

ئەو شارەزا ئابوورییە گوتی، پێداچوونەوەی مووچە پێوەستە بەو پارەیەی لەلایەن عێراقەوە دێتە ناردن چەندە و چەند بەردەوام دەبێت، لە ئەگەری ناردنی بە بەردەوامی لە ماوەی چەند مانگێكی تر بەهۆی بووژانەوەی ئابووریی كوردستان، جارێكی تر پێداچوونەوە بە مووچەكان بكرێت.

لە ساڵی 2014 بە بڕیارێكی سیاسی، عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئەمەش بووە هۆكاری دروستبوونی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان و بوونی شەڕی داعش هێندەی تر باری ئابووری هەرێمی كوردستانی قوڕس كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەناچاری بڕیاری پاشەكەوتی مووچەی دا.



وشە - رامیار جەواد