تووشی نەخۆشی دەبێت و خۆشەویستەكەی لە دەست دەدات

:: PM:04:14:04/04/2018 ‌

كچێكی تەمەن 27 ساڵ لە هەولێر دوای ئەوەی تووشی نەخۆشیی ڤایرۆسی جگەر دەبێت، خۆشەویستەكەی وازی لێ دەهێنێت، وازهێنانی ئەو كوڕە لەدوای ئەوكاتە دەبێت كە ئامادەكاری بۆ داواكاری دەكەن، بەڵام كچەكە نەخۆش دەكەوێت و خۆشەویستەكەشی لە ترسی ئەوەی ئەو نەخۆشییەی بۆ نەگوازرێتەوە، لێی جیا دەبێتەوە و بەخۆی و خێزانی كچەكەش دەڵێت من كچێكم ناوێت نەخۆشییەكی ئەوەندە پیسی هەبێت و هەموو ڕۆژێك لەو دكتۆر بۆ ئەو دكتۆری ببەم.

شاناو ئەو كچەیە كە لەدوای سێ ساڵ پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ زەمەند، بە ڕووداوێكی ناخۆش خۆشەویستییەكەی كۆتا پێ دێت، شاناو یاریزانە، ماوەی ساڵێك بەهۆی سەختی نەخۆشییەكەی لە كارەكەی دادەبڕێت، بەڵام دوای ئەوەی باری تەندروستی جێگیر دەبێت دەگەڕیتەوە سەر كارەكەی، ئەو چیرۆكی نەخۆشكەوتنی و بێ هەڵوێستی خۆشەویستەكەی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، "ئازاری نەخۆشییەكەم تواندمیەوە، بەڵام لە كۆتادا برینەكانم ساڕێژ بوون، بەڵام بێ هەڵوێستی زەمەند لە ناوەوە منی بەجۆرێك داڕماند كە چاكبوونەوەم ئەستەمە، برینەكانی دەرەوە ساڕێژ دەبن ، بەڵام برینەكانی ناخ بەجۆرێك وردت دەكەن بەسەدان حەكیم ساڕێژ نابن."

سێ ساڵ قسە و توانجی ماڵ و خزم و هاوڕێم قبووڵ كرد كە لەبارەی زەمەند دەیانكرد، هیچ كەس ڕازی نەبوو بەوەی ئەو ببێت بە هاوسەرم، هەمیشە دەیانگوت ئەو نەخوێندەوارە و بێكارە و هیچی تێدا دروست نەبووە و نابێت دەبێت وازی لێ بهێنیت، ئەو ناتوانێت ببێت بە هاوسەرێكی باش بۆت، بەڵام من بە گوێمدا نەچوو هەموو شتێكم بۆ كرد بەرەو ڕووی هەمووان بوومەوە، زیاد لە توانای خۆم هەوڵم دا لەجیاتی كارێك دوو كارم كرد لە دوو شوێنی جیاواز، تا یارمەتی بدەم، دووكانم بۆ دانا هی جلی وەرزشی و كردمە خاوەن كار و خستمەسەر ڕێڕەوی ئەوەی بەیەكەوە پاشەكەوت بكەین و هاوسەرگیری بكەین، بەڵام هەمووی بەئاودا دا.

زەمەند دەبێت بەخاوەن كار و پلانی پێكهێنانی هاوسەرگیری دادەنێن، خێزانی هەردوولا ئاگاداری هەموو شتێك دەبن ، بەڵام پێش ئەوەی بچنە داوای، شاناو نەخۆش دەكەوێتن دوای ئەوەی سەردانی چەند پزیشكێكی پسپۆڕی جیاواز دەكات و چەندان پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت، دەردەكەوێت كە نەخۆشیی ڤایرۆسی جگەری هەیە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر شاناو چەند مانگێك لە تاران دەمێنێتەوە، ئەو كاتەی كە خەریكی وەرگرتنی چارەسەرە زەمەند پێوەندی پێوە دەكات و پێی دەڵێت نە خۆی و نە خێزانەكەی ئامادە نین ئەو ببێت بە یەكێك لە خێزانەكەیان، چونكە نەخۆشییەكی ترسناكی هەیە و نایانەوێ بۆ ئەوانیش بگوازرێتەوە.

شاناو دووپات لەوە دەكاتەوە كاتێك زانیویەتی نەخۆشە و نەخۆشییەكەشی دەگوازێتەوە، بڕیاری ئەوەی داوە لە زەمەند جیا ببێتەوە لەبەر ئەوەی تووشی ئەو ئازارەی نەكات، بەڵام دڵی نەهاتووە پێی بڵێت، چەند جارێك داوای لە خوشكەكەی كردووە پێی بڵێت، بەڵام ئەویش نەیتوانیوە، تا ئەو كاتەی زەمەند خۆی هەموو شتێكی كۆتا پێ هێناوە، ئەو دەڵێت هەڵوێستەكەی زۆر چاوەڕواننەكراو بوو بۆ ئەو و خزم و هاوڕێكانیشی.

شاناو ئێستە باری تەندروستی جێگیرە و مەترسیی نەخۆشییەكەی لەسەر نەماوە، تەنیا مانگانە پشكنین ئەنجام دەدات و چارەسەریش وەردەگرێت، هیچ پێوەندییەكی لەگەڵ زەمەند نەماوە، تەنیا جارێك پێوەندی پێوە كردووە، ئەو باس لەو پێوەندییەی دەكات و دەڵێت، وامزانی بۆ هەواڵپرسین و گەردن ئازایییە، بەڵام زۆر بەبێباكانە قسەی دەكرد و وەك بڵێی ئەو زۆر لەسەر هەقە و كارێكی باشی كردووە، لە سەرووی هەموو ئەوانەش داوای پارەی لێ كردم بۆ ئەوەی بچێ لە توركیا كەلوپەلی دووكانەكەی بهێنێ.

زەمەند هەموو شتێكی لەبەرچاو خستم، پیاو و خۆشەویستی و هاوسەرگیری و تەنانەت ژیانیش، نازانم بڵێم پەشیمانم لەوەی بۆم كردووە یان بڵێـم من دەبوو زیاتر بكەم، هەرچی بێت من مرۆیییانە لەگەڵ ئەو كەسە مامەڵەم كرد كە دەمویست ببێت بە باوكی منداڵەكانم، بەڵام ئەو تەنیا وەك سەرچاوەی پارە و سوودمەندبوون سەیری كردم. 

وشە/ئیڤان عەبدوڕەحمان




وشە - سلێمان تاشان