نرخی نەوت دابەزی

:: AM:11:09:16/04/2018 ‌

ئەمڕۆ هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە كرایەوە و لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەو بازاڕەش نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە.

كۆتای هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بە 72 دۆلار و 52 سەنت داخرابوو و لەو چەند سەعاتە كە بازاڕەكە كراوەتەوە، سەرووی دۆلارێك و 20 سەنت لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دابەزیوە و ئێستە بە 71 دۆلار و 30 سەنت دەفرۆشرێت.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بریتییە لە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا. هاوكات دوای هێرشی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆ سەر سووریا، بازرگانان لە بازاڕەكانی دنیا بە هێمنی دەستیان بە كڕینی و فرۆشتن كردووەتەوە.

بەگوێرەی dailyfx  هەفتەی رابردوو بازاڕی نەوت لە ژێر كاریگەری جەنگ و ئاڵۆزییە سیاسییەكان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووبووەوە. لە سەرەتای هەفتەكە نرخی نەوت 67 دۆلار بوو، بەڵام لە كۆتای هەفتەكە بە 72 دۆلار و 52 سەنت داخرا و نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لەم ماوەیەدا پێنج دۆلار و 52 سەنت بەرز بووەوە كە بە رێژە دەكاتە 8%  . 

جگە لە دۆخی لە ناكاوی وەك ئەگەری جەنگی گەورە، بەرزی و نزمیی نرخی نەوت گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو لە بازاڕەكانی دنیا و هەر كاتێك ئەو بەرهەمە لە بازاڕەكان داخوازی كەمتری لەسەر بێت و ئاستی بەرهەمەكەشی بەرز ببێتەوە، ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت.





وشە - سلێمان تاشان