زانیاری لەبارەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان

:: PM:06:43:16/04/2018 ‌
نوێنەرانی كورد لە بەغدا بەدواداچوونێكیان دەست پێ‌ كردووە لەسەر ئەوەی بزانرێت كەی حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی فەرمی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و هیچ وەڵامێكی ڕوون و ئاشكرایان پێنەدراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی نیسان/ ئەپریل، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ كاتێكی دیاری كراو نییە بۆ ناردنی ئەو بەشە پارەیەی لە مانگی ڕابردوو بۆ فەرمانبەرانی كوردستان نێردرا بۆ ئەم مانگەیش بنێردرێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا هەڵمەتێكیان دەست پێ‌ كردووە بۆ ئەوەی بزانن كەی عێراق ئەو پارەیە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام هیچ وەڵامێكی ڕوونیان نەدراوەتەوە.

"وشە" بۆ زانیاری زیاتر پێوەندی بە نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد لە وەڵامدا گوتی، هیچ كاتێك دیاری نەكراوە بۆ ناردنی ئەو پارەیە و جارێ‌ نازانرێت كەی عێراق ئەو پارەیە دەنێرێت.

لە 19ـی ئاداری ساڵی 2018 عێراق لە ڕێگەی بانكی ناوەندی بڕی 317 ملیار و 615 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد.



وشە - رامیار جەواد