لەتبوون لەناو داعش ڕووی دا..شه‌ڕ و كوژراوی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌

:: AM:09:56:23/04/2018 ‌

ڕاپۆرتەكان و میدیاكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، ناكۆكی زۆر لە نێوان چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە، لەو ناوچانەی تا ئێستە له ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان، بەشێكیان لە ڕێكخراوەكە جیا بوونەتەوە و گرووپێكی تریان پێكهێناوە.

لە زانیارییەكان هاتووە، ناكۆكییەكانی ناو داعش بەسەر دوو بەرە دابەش بوون، بەرەیەك بریتین لە داعشە سووری و عێراقییەكان، ئەوەی تریش بریتییە لە چەكدارانی بیانی و توونسی و مەغریبی، ئەوانە لە ڕۆژانی ڕابردوو شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیش لە نێوانیان ڕووی داوە و یەكتر لەناو دەبەن و دەیانەوێ بەسەر داعش زاڵ بن.

دانانی كەسێك لە شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی ناكۆكییەكانی تەقاندووەتەوە، دوای ئەوەی گرووپی چەكدارە بیانی و توونسی و مەغریبییەكان ویستیان لە لیژنەی حاكمانی داعش ئەبو فاتیمەی توونسی بكەنە سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و لە شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی بەیعەتی پێ بدەن، ئەمەیش لەلایەن داعشە عێراقی و سوورییەكان بە تەواوی ڕەت كراوەتەوە.

لە ئەنجامی تەقینەوەی ناكۆكییەكان، ئەبو خالیدی توونسی یەكێك لە سەركردەكانی داعش لە دیوانی پڕچەككردنی چەكداران و هاوسەرەكەی لە نزیك ماڵەكەی خۆیان كوژران، بەهۆی ئەوەی دووپاتی كردەوە كە بەیعەتەكەی بۆ ئەبوبەكر بەغدادی هەڵوەشاندووەتەوە و پابەندی نابێت.

لەلایەكی ترەوە، چەكدارێكی تری مەغریبی لەلایەن داعشە عێراقی و سوورییەكان كە بە لایەنگری ئەبوبەكر بەغدادی ناسراون، لە ناوەڕاستی شارەدێی شەعفە لە سێدارە درا و تۆمەتی خەواریجەكانی درایە پاڵ، جیا لەوەیش لە ناوچەكە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنرا و هەموو جموجۆڵێك وەستێنرا، هاوكات هەشت چەكداری تری بەرهەڵستكاری ئەبوبەكر بەغدادی هاتنە كوشتن و تۆمەتی دەرچوون لە بڕیاری خەلیفەیان درایە پاڵ.

لە ناوچەی ئەلبوكەمال و گوندەكانی شەڕ لە نێوان هەردوولا دروست بووە و بەوهۆیەوە زیاتر لە حەوت چەكداری داعش لە هەردوولا كوژراون، سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، بۆ كپكردنەوەی ئەو ناكۆكییانە ئەبوبەكر بەغدادی گەیشتووەتە ناوچەكانی ئەلبوكەمال و قسەی بۆ چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە كردووە و بە تۆماری ڤیدیۆیی بۆ سەركردە و چەكدارانی تریش ڕەوانە كراوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د