هەفتەی داهاتوو دابەشكرنی مووچە دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:07:36:25/04/2018 ‌
بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە و سەرەتاش بە هاوشێوەی مانگی نیسان مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پێدانی مووچەی مانگی شوباتی ساڵی 2018 دەست پێ دەكات.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەوڵ دەدات هاوشێوەی پێش تەنگژەی دارایی لیستی مووچە ڕێك بخاتەوە كە هەموو مووچەخۆرێك بزانێت كەی مووچەی دابەش دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بە گوێرەی ئەو پارەیەی بەردەستە مووچە دابەش دەكرێت.

لەم مانگە مووچە لە پێنج و شەشی نیسان دابەش كرا و لە مانگی ئایاریش لەو ڕێككەوتە دابەش دەكرێت و لە مانەوەی ئەو پارەیەی هەیە لەگەڵ ئەو پارەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەیخاتە سەر ژمارەی وەزارەتی دارایی، دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت و بەشێك لە مووچەی مووچەخۆران دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان. ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی وای گوت.

دوای ناردنی بڕە پارەیەك لەلایەن عێراقەوە، ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی بۆ مانگی یەك دابەش كردووە كە سبەی كۆتایی پێ دێت.



وشە - رامیار جەواد