ئێران بە هاوكاری ئەوروپا هەوڵی خۆپاراستن لە سزاكانی ئەمەریكا دەدات

:: PM:12:25:16/05/2018 ‌

ئێران كە لە ژێر مەترسی سزا قورسەكانی ئەمەریكادایە، لە ئەوروپا نزیك كەوتووەتەوە و هەموو هەوڵێك دەدات ئەو وڵاتانە رازی بكات گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئێران لە رێككەوتنی ناوكیی بكەن. ئەگەری زۆرە ئەوروپا رێچارەیەكی ناوەند بدۆزێتەوە كە لە لایەك رێككەوتنی ناوكی هەڵنەوەشێتەوە و لە لایەكی تر دڵی ئەمەریكا و ئێرانیش رازی بكات.

سەرەتای هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەر لە وادەی دەستنیشانكراوی خۆی لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە و بە فەرمی رای گەیاند كە قورسترین سزاكان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و هەڕەشەی لە وڵاتان و كۆمپانیاكانی دنیاش كرد ئەوانەی هاوكاری ئێران بكەن و رێز لە سزاكان نەگرن ئەوا سزا دەدرێن.

بڕیارەكەی ترەمپ هەر خێرا كاریگەریی خراپی خستە سەر ئابووری ئێران و نرخی تمەن لە بازاڕی ئازاد كە پێشتر نزیكەی پێنج هەزار تمەن بوو بۆ هەر دۆلارێك تا نزیكەی هەشت هەزار تمەن داشكاند. ئەمە سەرەتای كاریگەرییەكانە و لە داهاتوودا ئەمەریكا جگە لە رێگرتن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران، دەیەوێت لە چەندان بواری تردا ئەو وڵاتە گەمارۆ بدات.

دوای ئەوی ترەمپ لە رێككەوتنەكە كشایەوە ئەوروپا و ئێران بە چڕی لەگەڵ یەكتردا كەوتوونەتە گفتوگۆ و دەیانەوێت هەر چۆنێك بێت رێگری لەوە بكەن رێككەوتنەكە لە لایەن ئێرانیش هەڵبوەشێتەوە، بەڵكو میكانیزمێكی بۆ دابنێن كە لە لایەك ئێران رازی بكەن و لە لایەكی تریش خۆیان پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا نەپچڕێنن.

سەرەڕای ئەوەی كە بەشێكی بەرچاو لە توندڕەوەكانی ئێران پێشوازییان لە بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی كرد و تەنانەت پیرۆزبایییان لە خەڵك كرد، بەڵام حكوومەتی روحانی لەگەڵ ئەوەدا نییە ئێران لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە، چونكە دەزانێت كشانەوەی ئێران لە رێككەوتنەكە بە واتای ئەوە دێت ئیتر ئێران دەستی لە هەموو شتێك بەردەبێت و دەبێت بۆ ماوەیەكی درێژ تەحەمولی تەنگژەی دارایی و سزا نێودەوڵەتییەكان بكات.

ماوەی چەند رۆژێكە هەر بۆ ئەو مەبەستە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەوروپای كردووە و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە دانوستاندایە.

دوێنێ سێشەم نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا گوتی وڵاتانی ئەوروپا لە بیری ئەوەدان تا چارەیەكی گونجاو بۆ پرسی رێككەوتنی ناوكیی بدۆزنەوە. بەگوێرەی "بی بی سی" فدریكا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا دوای بینینی هەریەك لە وەزیرانی دەرەوەی ئێران، بەریتانیا، فڕەنسا  و ئەڵمانیا گوتی، ئەو گرووپە پسپۆڕانی خۆیان راسپاردووە تا بۆ پاراستنی پێوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران رێچارەیەكی گونجاو بۆ رێككەوتنی ناوكیی بدۆزنەوە و لە ماوەی چەند هەفتەیەكی تردا بڕیاری پێویست دەربكەن.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی تر لە ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لەسەر پێشنیاری ئێران لە ڤیەننا بەڕێوە بچێت كە هەر لەسەر پرسی رێككەوتنی ناوكیی دەبێت.

ئەوروپا دەیەوێت سوود لە مادەیەكی یاسایی وەربگرێت كە بۆ دەیەی نەوەتی زاینی دەگەڕێتەوە و ئەو مادەیەش كۆمپانیاكانی ئەوروپا لە سزاكانی ئەمەریكا دەپارێزێت.

موگرینی گوتوویەتی ئامانجی ئەوروپا ئەوەیە ئێران بتوانێت لە فرۆشتنی نەوتەكەی بەردەوام بێت و هاوكات بانكەكانی ئەوروپاش درێژە بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا بدەن.

ئەگەر ئەمە بۆ ئێران بێتە دی، ئەوا ئێران ناكەوێتە ئەو دۆخە ئابوورییە ترسناكەی بۆی چاوەڕوان دەكرا. كاتی خۆی گرنگترین سزا كە بووە هۆی پاشەكشە پێكردنی خێرای ئابووری ئێران، رێگریكردن بوو لە فرۆشتنی نەوتی ئێران و تەنانەت هەموو ئەو كۆمپانیا ئەوروپییانەش ئەگەر بچووكترین مامەڵەیان لەگەڵ ئێراندا بكردایە، ئەوا لە لایەن ئەمەریكاوە سزا دەدران.

رێككەوتنی نوێی ئێران لەگەڵ ئەوروپا بۆ ئێران و ئەوروپاش قازانجی هەیە لە لایەك ئێران بە یارمەتی ئەوروپا سزاكان بۆ سەر خۆی سووك دەكات و لە كاریگەریی سزا قورسەكانی ئەمەریكا كەم دەكاتەوە  و لە لایەكی تر ئەوروپاش كە لە پێوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێراندا سوودێكی زۆری پێ دەگات، پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران دەپارێزێت.

ئاخر هەر لە دوو ساڵی رابردوو كە سزاكان لەسەر ئێران كەم كرانەوە بە دەیان كۆمپانیای ئەوروپی لە ئێران وەبەرهێنانی كردووە و گرێبەستی گەورەیان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت و پێترۆكیمیایی و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل واژوو كردووە.

محەمەد جەواد زەریف تەنانەت بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەوروپا كرد كاتێكی زۆریان لە بەردەستدا نییە تا رێیەك بۆ ئەوە بدۆزنەوە گرەنتی بەرژەوەندییەكانی ئێران بكەن. ئێران باش لەوە تێدەگات بۆ وڵاتانی ئەوروپا چەندە چەورە و لەوانەیە هەندێك ئیمتیازی ئابووری زیاتر بە ئەوروپا بدات بۆ ئەوەی لە نەهامەتییەكانی ئەمەریكا بیپارێزن.
 
وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونەدەرەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتنی ناوكیی، ئاشكرای كردبوو گرێبەستی فرۆشتنی هەردوو جۆری فڕۆكەی بوئینگ و ئەیرباس بە ئێران هەڵدەوەشێنەوە. 

فڕۆكەی ئەیرباس بە بێ پشتیوانی ئەمەریكا ناتوانێت درێژە بە گرێبەستەكانی لەگەڵ ئێراندا بكات. دوای رێككەوتنی ناوكیی لە ساڵی 2015 ئێران مافی ئەوەی پێ درا فڕۆكەی نوێ بكڕێت، بۆیە هێڵی ئاسمانی ئێران گرێبەستی كڕینی 100 فڕۆكەی ئەیرباس، 80 فڕۆكەی بوئینگ، 20 فڕۆكەی ATR كە بە هاوبەشی ئیتاڵیا و فڕەنسا بەرهەم دەهێنرێت، واژوو كرد.

سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هەر بەردەوام دەبن تەنیا لە كاتی رێككەوتنی ئێران و ئەوروپا، دەستی ئێران تا رادەیەك كراوەتر دەبێت و خۆی لە داڕمانێكی لەناكاوی ئابووری دەپارێزێت. 




وشە - سلێمان تاشان