ڕه‌مه‌زانی ساڵان دووكانه‌كانی خوارده‌مه‌نی شێخه‌ڵا به‌رنه‌ده‌كه‌وتن، ئه‌وان كه به چه‌ند كه‌سێكه‌وه ده‌ره‌قه‌تی ئاپۆڕای كڕیار نه‌ده‌هاتن، ئێسته بازاڕێكی چۆڵ و بێ بازاڕی هه‌ندێكی ناچار به‌داخستن كردوون، به‌گوته‌ی خۆیان ئه‌وان تا ئێسته بێ بازاڕی وایان نه‌بینیوه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه ماركێت و مۆڵه‌كان به‌رناكه‌ون.
زۆر له‌و دووكانانه‌ی به‌رهه‌مه خوارده‌مه‌نییه‌كان ده‌فرۆشن له سووچێكی بازاڕی شێخه‌ڵا كۆ بوونه‌ته‌وه. هه‌رچی خوارده‌مه‌نی هه‌یه له‌و بازاڕه ده‌ست ده‌كه‌وێت، هه‌ر له (ئارد و برنج و شه‌كر و ڕۆن و ئاوه‌ته‌ماته و تایت و سابوونه‌وه تا پسكیت و شكولاته و سارده‌مه‌نی و لوقم و هه‌تد....) هه‌ن. ئێسته ئه‌و بازاڕه نیمچه چۆڵ و به گوته‌ی دووكانداران "تا ئێسته بازاڕی هێنده خراپیان نه‌دیوه، به‌تایبه‌ت له مانگی ڕه‌مه‌زاندا".
ساڵانه به‌ر له هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان، بازاڕی خوارده‌مه‌نی شێخه‌ڵای هه‌ولێر ده‌خرۆشا و له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی كڕیار و كه‌لوپه‌لی زۆری دووكاندار، ڕێ به‌ر ڕێبوار نه‌ده‌كه‌وت. قه‌ره‌باڵغی هه‌ناسه‌ی ته‌نگ ده‌كرد. هه‌ر عاره‌بانه بوو به‌پڕی ده‌هاته ده‌ره‌وه. كاڵای هه‌ڵدراوه‌ی ناو دووكانه‌كان، به ماوه‌یه‌كی كه‌م خۆی له‌ناو عه‌مباری ماڵان ده‌بینییه‌وه. دووكاندارانیش ته‌نیا فریای لێكدانه‌وه‌ی ژمێره‌كه‌یان ده‌كه‌وتن. جگه له‌وه‌ی زۆر له خه‌ڵكی پێداویستی ئه‌و مانگه‌یان به‌جارێك ده‌كڕی و عه‌مباری ماڵه‌وه‌یان پڕ ده‌كرد تا له ڕه‌مه‌زاندا، له بڕانی خۆراك بێ خه‌م بن و هه‌رچه‌ندی ورگ بیخوازێت ئاماده بێت، به‌رده‌وامیش ڕۆژانه كڕیار له‌و بازاڕه هاتوچۆی بوو.
به‌ڵام ته‌نگژه‌یی دارایی ئه‌و ڕۆژانه‌ی بۆ دووكانداران كرده یادگاری و له ڕه‌مه‌زانیشدا مۆڵ و ماركێته‌كان به یه‌كجار بازاڕی ئه‌وانی داته‌پاند.
دووكانه‌كان پڕ كاڵان، به‌ڵام بێ كڕیار. دووكانه‌كه‌ی نووح حه‌مه‌د كه‌وته سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی ئه‌و بازاڕه و باس له خراپی كاره‌كه‌ی ده‌كات كه فرۆشیان گه‌لێك خراپه و خێریشیان زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه. نائیف خالید دووكانداریش ده‌ڵێ "قه‌ت بازاڕ هێنده خراپ نه‌بووه و خۆزگه‌م به پار". كه‌مێك ئه‌ولاتریش نه‌شوان ده‌ڵێ، "بازاڕ هه‌ر نه‌ماوه". ئه‌وانه كه جاران فریای كڕیاران نه‌كه‌وتوونه، ئێسته له چاوه‌ڕێی كڕیار، چاویان له ده‌ره‌وه بڕیوه.
له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه چه‌ند ڕێڕه‌وێك هه‌یه كه دووكانه‌كان به‌مبه‌روئه‌وبه‌ریه‌وه دابه‌ش بوون. كه‌لوپه‌لی ناو دووكانه‌كان و به‌رده‌میان هاوتان. ئه‌وان ڕێڕه‌وێكی باریكیان بۆ كڕیار و عاره‌بانه دوو تایه‌كان هێشتووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش له هه‌ندێك شوێنی ده‌بێت به زیگزاك لێی ده‌ربچێت.
له‌ناو بازاڕگه‌كه‌دا جگه له ناوی سه‌ر تابلۆی دووكانه‌كان، هه‌رچی هه‌یه هاورده‌ن و بازاڕێكه كاڵای وڵاتانی تێدا ساغ ده‌كرێته‌وه. عه‌بدوڵا ئیسماعیل كه دووكانداره بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "تا ئێسته بازاڕی هێنده مردی و ڕه‌مه‌زانی وا بێ بازاڕم نه‌دیتییه". ئه‌و كه گله‌یی له خراپی فرۆش هه‌یه، ئاماژه به چه‌ند دووكانێكی دراوسێی ده‌كات كه له‌به‌ر بێ بازاڕی بارگه‌وبنه‌یان تێك ناوه و زیاتر گوتی، "كاره‌كه‌مان هێنده خراپه، چه‌ند دووكانێك له‌به‌رئه‌وه‌ی كرێكه‌یان ده‌رنه‌ده‌هێنایه‌وه، به‌جێیان هێشت و وازیان له‌و كاره هێناوه". ئه‌وه له كاتێكدا ساڵان ئه‌و دووكاندارانه كه به ئاواتی هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه بوون، ئه‌مساڵ ئه‌و بێ بازاڕییه سه‌ری سوڕماندوون.
مانگی ڕه‌مه‌زان كه خه‌ڵكی خۆره‌تر ده‌بن، وه‌نه‌بێت به یه‌كجاری وازیان له خواردن هێنابێت، به‌ڵكو ئه‌وان له‌و مانگه‌دا شوێنه‌كانیان گواستووه‌ته‌وه. به پێچه‌وانه‌ی چۆڵی ئه‌و بازاڕه، مۆڵ و هه‌فته‌بازاڕ و ماركێته‌كان كه هه‌موو به‌رهه‌مێكی خۆراكییان هه‌یه، قه‌ره‌باڵغی بازاڕه‌كه‌ی شێخه‌ڵایان بۆ خۆیان كێش كردووه.
كارزان عه‌بدوڵا ڕه‌نگه هۆی بێ بازاڕییه‌كه‌ی دووكاندارانی خوارده‌مه‌نی شێخه‌ڵا ڕوون بكاته‌وه. ئه‌و كه پێشتر هه‌موو پێداویستییه‌كانی له بازاڕه‌كه‌ی ئه‌وان وه‌چه‌نگ خستووه، ئێسته له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی دوای به‌ربانگ له یه‌كێك له مۆڵه‌كانی هه‌ولێره و به‌ده‌م پاڵ پێوه‌نانی عاره‌بانه‌یه‌ك كاڵاوه، بۆ "وشه" ده‌ڵێ "به ڕۆژ له‌به‌ر گه‌رما و ڕۆژوو، بازاڕكردن ئه‌سته‌مه".
جیا له ڕۆژ، شه‌وان سه‌ر به‌هه‌ر ماركێت و مۆڵێكدا ده‌كه‌ی، قه‌ره‌باڵغی شان له شان ده‌سوێت و هه‌ژار مسته‌فا سه‌رپه‌رشتیاری ماركێتی ئایه ئاماژه به باشی فرۆشیان ده‌دات و ده‌ڵێ، "له‌خوا به‌زیاد بێت بازاڕمان باشه". حه‌كیم عوسمانی سه‌رپه‌رشتیاری ماڕكێتی "بی ئاڕ زێت"یش ده‌ڵێ، "ئه‌مساڵ ڕه‌مه‌زان نرخمان دابه‌زاندووه و بازاڕیشمان باش بووه".
ئێسته دووكاندارانی به‌رهه‌می خوارده‌مه‌نی فرۆشانی شێخه‌ڵا، ڕۆژانی ئه‌وپه‌ڕی بێ بازاڕی به‌ڕێ ده‌كه‌ن. ئه‌وان كه ساڵانێكه ته‌نگژه‌ی دارایی فرۆشی كه‌م كردوونه‌ته‌وه و ئاواتی زوو هاتنی ڕه‌مه‌زانیان بوو، ڕه‌مه‌زان هات و دیاری بۆ ئه‌وان پێ نه‌بوو.
وشه/ هه‌ولێر- چواس خالید