نرخی نەوت دابەزی

:: AM:10:30:13/06/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم نرخی نەوت لە ژێر كاریگەریی ئامارێكی كۆگاكانی ئەمەریكا لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە دابەزین كرد، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەم بە هۆی رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو.

بەگوێرەی dailyfx دوێنێ سێشەم نرخی نەوت لە 76 دۆلار و 30 سەنتەوە بۆ سەرووی 77 دۆلار هەڵكشا، بەڵام لە ئێوارەكەیەوە رووی لە دابەزین كردووە و ئەم دابەزینەش تا ئێستە بەدەوامە. ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 75 دۆلار و 35 سەنت دەفرۆشرێت.

ئەوەی بووەتە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بەرزبوونەوەی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكایە و بەگوێرەی دامەزراوەی ئەمەریكەن پێترۆلیۆم بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا 830 هەزار بەرمیل لە ماوەی هەفتەیەكدا زیادی كردووە و گەیشتووەتە 433 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل. هۆكاری بەرزبوونەوەی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكاش بۆ پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی دەگەڕێتەوە. لە دوو ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا بە رێژەی 28% زیادی كردووە و ئێستە رۆژانە سەرووی 10 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت.

بڕیارە ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ فەرمانگەی زانیارییەكانی وزەی ئەمەریكا ئاماری فەرمی لەسەر نەوتی كۆگاكراو بڵاو بكاتەوە.

بڕیارە پێش دەستپێكردنی مۆندیال كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان رووسیا و سعوودیە بكرێت بۆ پرسی بەرهەمهێنانی نەوت و لە ئەگەری بڕیاردانی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت نرخی نەوتیش زیاتر روو لە دابەزین دەكات.





وشە - سلێمان تاشان