نرخی نەوت لە 76 دۆلار جێگیرە

:: PM:01:53:15/06/2018 ‌


ئەمڕۆ هەینی 15ی حوزەیران، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی دنیا بە جێگیری وەك خۆی مایەوە كە هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی ئۆپیك و رووسیا هەفتەی داهاتوو.

دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو، رووسیا و سعوودیە ئەندازیارانی بەرزبوونەوەی نرخ هەوڵیان دا هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەكان زیاد بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك كە سعوودیە یەكێكە لەوان لەگەڵ رووسیا كۆ ببنەوە بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتننامەی كەم كردنەوەی خستنەڕووی نەوت كە ساڵی 2016 رێككەوتنیان لەسەر كردبوو.

ئێستە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 75 دۆلار و 97 سەنتە و بەمەش لەگەڵ نرخی پێشتری دوای بەرز بوونەوەی 80 سەنت دابەزیوە.

ئەلكسەندەر نۆڤاك وەزیری وزەی رووسی لە بارەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ هاوتا سعوودییەكەی، خالد فالح ئاماژەی بەوە دا كە هەردوو دەوڵەت رێككەتوون لەسەر چوونە دەرەوە لە رێككەوتنی كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوت.

نۆڤاك گوتی "بەشێوەیەكی گشتی پشتگیری لە چوونە دەرەوە لە رێككەوتنەكە دەكەین، بەڵام وردەكارییەكە بابەتی گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ وەزیرانی ئۆپیك لە هەفتەی داهاتوو، كە یەكێك لە بژاردەكان زیادكردنی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا".

هەڵوێستی رووسیا لە كاتێكدایە بەگوێرەی هەواڵێكی "رۆیتەرز" میر محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە، دوێنێ پێنجشەم 14ی حوزەیران داوای لە فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیای كردبوو كە بەیەكەوە بەردەوام بن لەسەر رێككەوتنەكە.



وشە - فه‌رمان سادق