بانكێكی هیندستان گورزێكی گەورە لە كەرتی نەوتی ئێران دەدات

:: PM:07:13:15/06/2018 ‌

بەڕێوەبەری دارایی دامەزراوەی نەوتی هیندستان ئەمڕۆ هەینی رای گەیاند كە هاوردەكردنی نەوتی خاوی وڵاتەكەی كە لە ئێرانەوە دێت، لە كۆتایی مانگی ئابی داهاتوو بەشێوەیەكی نەرێنی كاری دەكرێتە سەر، ئەوەش دوای ئەوەی بانكی دەوڵەتی هیندستان بە كۆمپانیاكانی پاڵاوتنی راگەیاندووە كە لە نۆڤێمبەری داهاتووەوە مامەڵە لەگەڵ پارەی تایبەت بە نەوتی ئێران ناكات.

ئەو هەنگاوەی بانكە هیندستانییەكە كە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدایە، لەدوای بڕیاری پاشەكشەكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە رێككەوتننی ئەتۆمی ئێران دێت لە ناوەراستی مانگی ئایاری رابردوو كە لەو ساتەوە دەستی كردووە بە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێران.

بەرپرسێكی دامەزراوەی نەوتی هیندستان لەو بارەوە دەڵێت، لە كۆتایی مانگی ئاب باركردنی نەوت كاری تێ دەكرێت ئەگەر رێڕەوێكی تری پارەدان نەدۆزرێتەوە، لەو كاتەی زۆرینەی كۆمپانیاكانی پاڵاوتنی ناوخۆیی بانكی دەوڵەت، گەورەترین بانكی هیندستنان و بانكی ئەوروپی- ئێرانی لە ئەڵمانیا بۆ دانی پارەی كڕینی نەوتی ئێرانی بە یۆرۆ بەكار دێنن.

بۆیە كۆمپانیای "ریلانس ئیندیسترێز"ی هیندستانی خاوەن گەورەترین كۆمەڵگەی پاڵاوتن لە دنیا بەنیازە لە هاوردەكردنی نەوتی ئێران بوەستێت، لەو كاتەی كۆمپانیای "نایارا ئێنێرجی" سەر بە كۆمپانیای "رووسنەفت"ی رووسیا دەستی كردووە بە كەمكردنەوەی كڕینی نەوت لەم مانگەوە.

شایەنی باسە لە دوای چین، هیندستان گەورەترین كڕیاری نەوتی ئێرانە، لەو كاتەی هیندستان دەڵێت كە ناچێتە ژێر باری سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، بەڵام كۆمپانیا و بانكەكانی پێوەستن بە سیستەمی دارایی ئەمەریكا رەنگە ئەوان دووچاری سزا بێنەوە ئەگەر نەچنە ژێر باری بڕیارەكەی ئەمەریكا.

سەرچاوە/ سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل