هەدەپە بە تێپەڕاندنی بەربەستی 10% سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن مسۆگەر دەكات

:: PM:01:26:20/06/2018 ‌

توركیا لە 24ی ئەم مانگە هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز بەڕێوە دەبات و دیار نییە لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان هەر لە لووتكەی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە یان ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت كۆتا بە دەسەڵاتی نزیك بە دوو دەیەی رابردووی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان بهێنێت.

نزیكەی 60 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی توركیا لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری و پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بەشداری دەكەن و شەش پاڵێوراویش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری ركابەریی یەكتر دەكەن، جگە لەمە هەڵبژاردنەكە چارەنووسی 600 كورسیی پەرلەمانیش یەكلا دەكاتەوە.

پێشتر بڕیار بوو هەڵبژاردنەكە لە سێیەمی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دوای ئەوەی دڵنیا بوو لەوەی هاوپەیمانیەتییەكەی لەگەڵ پارتی مەهەپە یەكلا بووەتەوە هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند.

كۆمەڵگەی توركیا تێكەڵاو بووە بە ترس و ئومێد و خەڵك بە دوودڵییەوە دەڕواننە داهاتوویان و نازانن متمانە بە كام بەرەی سیاسی لە وڵات بكەن. ئەردۆغان كە دەیەوێت دووبارە متمانەی پێ بدرێتەوە لەم دواییانەدا وڵاتی بەرەو دواوە گەڕاندووەتەوە و ئابووری وڵاتیش پاشەكشەی كردووە. پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنیش ئومێدی باشتركردنی دۆخەكە و بنیاتنانی وڵاتێكی پێشكەوتووتریان بە دەنگدەران داوە.

بەگوێرەی BBC هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا وەك ریفراندۆمێك لێك دەدرێتەوە لەسەر دەنگی بەڵی یان نەخێر بۆ ئەزموونی 16 ساڵەی پارتی داد و گەشەپێدان. وەك چۆن لە ساڵی 2002 هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان بووە هۆی گۆڕانكاری گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری لە توركیا  بە لاچوونیشی چاوەڕوانی گۆڕانكاری گەورە لە وڵات دەكرێت. ئێستە حكوومەتی ئەردۆغان تووشی كێشە و گرفتی گەورە بووە و ئەو حزبەی كە لەسەر بنەمای پێشخستنی وڵات توانی سەر بكەوێت، ئێستە لە كاتێكدا دەیەوێت بۆ جاری چەندەم دەسەڵات وەربگرێتەوە كە تەنگژە سەرجەم كایەكانی وڵاتی گرتووەتەوە.

لە دوای كودەتاكەی ساڵی 2016  و بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی دەستوور لە ساڵی 2017 توركیا بەرەو میلیتاریزەبوون رۆیشتووە و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەرهەق بە وڵاتانی سووریا، عێراق، یۆنان و تەنانەت دەرهەق بە هاوپەیمانەكانیشی گۆڕانكاری بەسەر هاتووە. بەهای لیرە 25% دابەزیوە، رێژەی بێكاری زۆر زیادی كردووە و هەڵاوسانیش زیاتر لە جاران بەرز بووەتەوە، پێشتر سیاسەتی وڵات ئەوە بوو كێشەكانی لەگەڵ وڵاتان بگەیەنێتە سفر، بەڵام ئێستە كێشەكانی گەیاندووەتە لووتكە. كۆمەڵگەی توركیا دابەش بووە و بۆیەش هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا بە چارەنووسساز دێتە هەژمار و خەڵكن بڕیار دەدەن درێژە بە مانەوەی ئەردۆغان و پارتەكەی بدەن یان ئەلتەرناتیڤێكی تر بۆ داهاتووی وڵاتیان هەڵبژێرن.

كاتێك ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانییان پێكهێنا كەس پێشبینی ئەوەی نەدەكرد ئۆپۆزسیۆنی توركیا بتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا خۆی كۆ بكاتەوە و بەرانبەر بەو هاوپەیمانێتییە بوەستێت.

پێ دەچێت پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا باشتر خوێندنەوەیان بۆ فێڵ و كەڵەكەكانی ئەردۆغان كردبێت، بۆیە هەرزوو بەخۆ كەوتن تا رێ لە فراوانخوازی زیاتری ئەردۆغان بگرن.

یەكێك لەو هاوپەیمانێتییە گرنگانەی ئومێد دەكرێت لەم هەڵبژاردنە كۆسپی گەورە لە بەردەم ئەردۆغاندا دروست بكات هاوپەیمانێتی پارتی گەلی كۆماری لەگەڵ ئیی پارت و پارتی سەعادەتە كە زوو پێكهات و تەنانەت لەسەر ئەوە رێككەوتوون بۆ قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنی توركیاش بە یەكەوە كار بكەن و ئەردۆغان لە ململانێی هەڵبژاردن بخەنە دەرەوە.

ئەوەی جێی تیڕامانە ئەوەیە تا ئێستە لە مێژووی سیاسی توركیا رووی نەداوە حزبێكی چەپی میانڕەو، كەمالیست و سۆسیال دیموكرات لەگەڵ پارتێكی راستڕەو و سێكۆلار لە لایەك و پارتێكی ئیسلامی بەیەكەوە بچنە هاوپەیمانێتییەوە.

هاوپەیمانی ئەو پارتانە لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی "میللەت" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا بەشداری كردووە ئەگەرچی كاندیدی پارتەكان  بۆ سەرۆك كۆماری واتە هەر یەك لە ئینجە، ئاكشنەر و كاراملا ئۆغڵو لە قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردن بە جیا ركابەریی ئەردۆغان دەكەن و ئەگەریش هەڵبژاردن كەوتە قۆناغی دووەمەوە ئەوا هاوپەیمانی "میلەت" بە یەكەوە پشتگیری لە پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری واتە موحەڕەم ئینجە دەكەن.

زۆرێك لە راپرسییە سەرەتایییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن باسیان لەوە كردووە كە ئەردۆغان سەرووی 50%ی دەنگەكان دەباتەوە، بەڵام لەم دوایییانەدا موحەڕەم ئینجە نوێنەری پارتی گەلی كۆماری چالاكانەتر دەركەوتووە و سەرنجی كۆمەڵگای توركیای بۆ لای خۆی راكێشاوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت رێگری لەوە بكرێت ئەردۆغان لە قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردن دەربچێت.

ئینجە كە تەمەنی 54 ساڵە بە تەواوی دژی تیۆرییە ئابوورییەكانی ئەردۆغانە و بەڵێنیشی داوە رێگری لەوە بكات سیستەمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بگۆڕێت و داوای ئازادی زیاتر دەكات و یەكێكیشە لەو كەسانەی دەیەوێت توركیا بە یەكێتیی ئەوروپا گرێ بدات.

ئەو بەڵێنی بە كورد داوە لەگەڵیاندا دەست بە دانوستان بكاتەوە و لە قوتابخانەكانیش بە زمانی كوردی بخوێنرێت.

یەكێك لەو پاڵێوراوە گرنگانەی كە رۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی دەنگەكانی ئەردۆغان سەڵاحەدین دەمیرتاشە كە لە گرتووخانەوە بانگەشە دەكات و لەم دواییانەش بڕیاری داوە ئەگەر هەڵبژاردن بە قۆناغی دووەم بگات ئەوا پشتیوانی لە پاڵێوراوی ئۆپۆزسیۆن دەكات.

پارتی هەدەپە ئەگەرچی مەترسی تێنەپەڕین لە رێژەی 10%ی دەنگەكانی لەسەرە  و ئەردۆغان هەموو هەوڵێكی داوە دەنگەكانی هەدەپە كەم بكات چونكە لەوە دڵنیایە ئەگەر ئەو پارتە بگاتە پەرلەمان، ئەوا بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ "میلەت" دەتوانێت كێشەی گەورە بۆ ئەردۆغان دروست بكات و زۆرینەی پەرلەمانی توركیا بباتەوە.

پێشبینی دەنگەكانی پەرلەمان بۆ هەر دوو هاوپەیمانی "میلەت"ی ئۆپۆزسیۆن و "جمهوور"ی ئەردۆغان 43%ە و هی هەدەپەش 10 تا 13%ە و ئەگەر هەدەپە بگاتە پەرلەمان، ئەوا سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن مسۆگەر دەكات.





وشە - سلێمان تاشان